زایەڵە ـ بڕیارە ئەمڕۆ دوو شەممە 7ـی تەمموزی 2025، هاوكاریی هاوپەیمانان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە دابەش بكرێت، بۆ ئەم مانگە زیاتر لە 64 هەزار پێشمەرگە سوودمەند دەبن.

بەپێی راگەیەنراوێكی پێَشووی وەزارەتی پێشمەرگە، بەهۆی ئەوەی رۆژی یەكشەممە لە بانكی ناوەندیی عێراق پشووی فەرمی بوو، دابەشكردنی هاوكاریی دارایی ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەكان لە رۆژی دووشەممە دابەش دەكرێت.

هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، هاوكارییەكەی هاوپەیمانان دەخرێتە سەر هەژمارەكانیان و دەتوانن سەردانی ئامێرەكانی راكێشانی پارە (ATM) بكەن بۆ وەرگرتنی هاوكارییەكانیان.

ئاماژە بەوەش كراوە، لەم مانگەدا 64244 ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە بە سیستمی پڕۆژەی هەژماری من، هاوكاریی هاوپەیمانان وەردەگرن، ئەمەش دەرخەری بەرەوپێشچوونی سیستمی پێدانی هاوكارییە لە وەزارەتی پێشمەرگە بە شێوەی ئەلیكترۆنی.