زایەڵە - بڕیارە لەم هەفتەیەدا ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەمی پۆلی ١٢ی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان ڕابگەیەنرێت.

سەیوان عەلی بریکاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند" بە زووترین كات ئەنجامی تاقیكردنەوەكان رادەگەیەنن و لەم هەفتەیە تێپەڕ ناكات و قوتابیان دەتوانن ئەنجامەکان وەربگرنەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، تا خولی دووەمی تاقیکردنەوەکان کۆتایی نەیەت، ڕێژەی دەرچوونی خوێندکاران نازانرێن.

ئەمساڵ زیاتر لە ١١٥ هەزار خوێندكار لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەشداری تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەییان کردووە.

هەروەها بەپێی بڕیارێکی نوێی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، بۆ ئەمساڵ دەرچووە یەكەمەكانی قۆنا‌غی ١٢ی ئامادەی بڵاوناکرێتەوە و نمرەكانیان ئاشكرا ناکرێن.