زایەڵە - کاوێز مەلا پەروێز جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە؛
بۆ ئەوەی چاکسازیی ڕاستەقینە نەکەن، سەری کۆڵانەکەیان لە هەموو دەنگە جددییەکان گرتووە، میدیاکانیان کردووە بە سەکۆی ئەو دەنگە بە ناو ناڕازییانە، کە لە ژێرەوە کلکیان بە دەسەڵاتەوە گرێدراوە. خەڵکی حزبی و گرووپی بێ شوماریان بە ناوی ئۆپۆزسیۆن و دەنگی ناڕازی دروست کردووە، کە هێندەی دژ بەیەکن نیو هێندە دژ بە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی هەرێم نین.
لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە کاوێز مەلا پەروێز چاودێری سیاسی ڕایگەیاند، گۆڕان لە یەکەمین بەشداریدا، بیست و پێنج کورسیی پەرلەمانی بردەوە، پارتی و یەکێتی تووشی شۆک بوون و ترسیان لێ نیشت، بۆیە هەندێ هەوڵیاندا کەموکورتییەکانیان پینە بکەن. لە ژێر فشاردا یاسای بودجەیان پەسەند کرد، دواتر لە ژێر فشاری خۆپیشاندەرانی حەڤدەی شوبات پەرلەمان ژمارەیەک بریاری بێ ئاکامی دەرکرد.لە بەشداریی دووەمیدا، گۆڕان وپاشکۆکانی”ئیسلامیەکان” لە جیاتی ئەوەی دەسەڵات کەموکورتییەکانی بەڕێوەبردن چارەسەر بکات، تەماحی پۆست و پایە و پارە و پوولی زۆریان خستە بەر دەستی گۆڕان و، بۆ ماوەیەک گۆڕانیان کرد بە هاوبەشی کێکی دەسەڵات، تا لە نیوەی ڕێدا لە ژێر پاساوی شەڕی داعش مل نەدان بە درێژ کردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی سەرۆکی هەرێم، دەرگەی پەرلەمانیان بە ڕووی سەرۆکەکەیدا داخست و بە حورمەتەوە وەزیرەکانی گۆڕانیان ناردنە ماڵەوە، ئەنجامیش هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە نەهاوێشت.
ناوبراو وتیشی، کاتێک زانرا بە چاکسازی ماڵی کەسە یەکەمەکانی دەسەڵاتدار بە قوڕ ئەگیرێ، رووداوی وەک ریفراندۆمیان هێنایە پێش و ساڵانێک خەڵک و حزبەکانیان بە دەوڵەتی کوردیەوە سەرقاڵ کرد، کاتێک زانرا تین و تاوی ئەو پرسەش هێزی نەماوە، ڕێگەیەکی ئاسانیان گرتەبەر، هێزی تریان هێنایە پێش، وەک نەوەی نوێ کە ڕۆڵیان هێندەی ئەوە پێ درا وەک کورد ئێژێ: "بە بەردێک دوو چۆلەکە بکوژن." هەم دەنگی ناڕەزایی بکوژن هەم سووکی بکەن. کاتێک شاسوار پانزە کورسی لە پەرمانی کوردستان ئەبات، بە هەر جۆرێکی دیزاینکراو بێت، لە جیاتی ئەوەی دەسەڵات تووشی شۆک و ڕاچەڵەکاندن بێت، دەنگی حەقی چاکسازی تووشی شۆک بوو، شۆکەکەشیان لە جێی خۆی بوو.
ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ئەوەی چاکسازیی ڕاستەقینە نەکەن، سەری کۆڵانەکەیان لە هەموو دەنگە جددییەکان گرتووە، میدیاکانیان کردووە بە سەکۆی ئەو دەنگە بە ناو ناڕازییانە، کە لە ژێرەوە کلکیان بە دەسەڵاتەوە گرێدراوە. خەڵکی حزبی و گرووپی بێ شوماریان بە ناوی ئۆپۆزسیۆن و دەنگی ناڕازی دروست کردووە، کە هێندەی دژ بەیەکن نیو هێندە دژ بە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی هەرێم نین. هەموو ئەو هێزانەیش سەکۆی میدیا کاریگەرەکانی دەسەڵات بۆ لێدان لە یەکتری بە کار ئەهێنن، بەمەیش چاکسازی کە خەونی زۆرێک لە تێکۆشەرانی ئەم گەلەیە بوو بە سەراب.
باسی لەوەشکرد، دەنگی ناڕازیی ڕاستەقینە کە لە نێو پارتی و یەکێتیدان، نابیسترێن. هیچ میدیایەک چی هی ئەوانەی گوایە ئۆپۆزسیۆنن چی دەسەڵات تیشک ناخەنە سەریان، زۆریشیان بە پێی تێگەیشتنیان بێدەنگییان هەڵبژاردووە و جار جار لە کۆبوونەوەیەک ئەگەر دەرفەتیان پێ بدرێ دەنگە دەنگێک ئەکەن. ئەو دەنگانە زۆر زیاتر و ڕاستگۆترن لەو دەنگانەی بە کۆمەکی دەسەڵات و بە پارەی نەوت فوویان تێدەکرێ و، دەسەڵات کەی بییەوێ لەسەر شەقامەکان نمایشیان پێ ئەکات و هەر کاتیش بییەوێ بێدەنگیان ئەکات.رێزی زۆر بۆ تاک تاکەی ئەو خەڵکە دڵپڕەی کە بە نەزانی شوێن ئەو شەپۆڵە لە دەنگە دەنگ ئەکەون و دواتریش لە پەشیمانی هەناسە سارد ئەبن.