زایەڵە-حكومەتی عێراق لە ڕێی خستنەڕووی چەند مەرجێكی نوێ دەیەوێت كۆنترۆڵی بەرهەمی كێڵگەی غازی كۆرمۆر و وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێم بكات.
یەكێك لە گرفتەكانی بەردەم ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا، بابەتی دابینكردنی سوتەمەنییە لە بری شایستە داراییەكانی كۆمپانیای دانا غاز.
کۆمپانیای داناغاز لە کێڵگەی کۆرمۆر رۆژانە ٢٠ هەزار بەرمیل کۆندێسەیت بەرهەم دەهێنێت کە نرخەکەی لە نەوت گرانترەو بۆ بەرهەمهێنانی بەنزینی کوالێتی بەرز سوودی لێدەبینرێت. ڕۆژانە ئەو بیست هەزار بەرمیل كۆندێسەیتە بە کۆمپانیای قەیوان دەفرۆشێت و پارەکەی دەخرێتە بەرامبەر شایستەی دارایی ئەو کۆمپانیایە لە بەرهەمهێنانی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان.
جگە لەو ٢٠ هەزار بەرمیل کۆندێسەیتە، هەرێم رۆژانە نزیکەی ٢٠ هەزار بەرمیل نەوتی دیکە لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای خەبات و باعەدرێ بەکاردەهێنێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.
بەپێی زانیارییەكان، حكومەتی عێراق لە كۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم، مەرجی ئەوەی هەبووە كە دەبێت ئەو بڕە نەوتەو كۆندێسەیتەش ڕادەستی حكومەتی عێراق بكرێت، دواتر عێراق پارەی فرۆشتنی ئەو نەوتە دەگەڕێنێتەوە بۆ كۆمپانیای داناغاز، بەڵام حكومەتی هەرێم پێی وایە بەغدا بیانوو دەدۆزێتەوەو تەنانەت ئەگەر ئەو داواكارییەش بۆ عێراق جێبەجێ بكات، لە كۆبوونەوەكانی داهاتوو داواكاری و مەرجی نوێ دەخاتە بەردەم بەرپرسانی هەرێم .
ئەمە جگە لەوەی كێشەی دیكەش هەن كە بە چارەسەر نەكراوی ماونەتەوە لە نێوان هەرێم و بەغدا، ئەوانیش بابەتی دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانە كە عێراق پێداگری دەكات موچە لە خەرجی راستەقینە دابین بكرێت و هەرێمیش دەیەوێت لە خەرجی حاكیمەوە هاوشێوەی موچەی فەرمانبەرانی عێراق، موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش دابینبكرێت.
هەروەها خاڵیكی دیكەی جیاواز لە نێوان هەرێم و بەغدا بابەتی دابینكردنی سوتەمەنییە بۆ پێداویستی ناوخۆ كە هەرێم نایەوێت لە نەوتی هەرێم سوتەمەنی دابین بكرێت بەڵكو بەپێی رێژەی دانیشتوان داوای بەشە سوتەمەنی دەكات لەو سوتەمەنییەی لە عێراقەوە دابین دەكرێت.
ئەمە جگە لەوەی دانەوەی قەرزی كۆمپانیا بیانییەكان یەكێكە لە گرفتەكانی بەردەم رێككەوتنی هەرێم و بەغدا. لەگەڵ هەموو ئەو گرفتانەش باڵیۆزخانەی ئەمریكا و سەركردە دیارەكانی شیعە هاتونەتە نێو گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا و ئەمرۆ تا ئێوارە چەندین كۆبونەوە لە شاری بەغدا بەڕێوەدەچێت.