زایەڵە - دادگای باڵای فیدڕاڵی لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی خستە بەرنامەی کارەکانی. بڕیارە ڕۆژی دووشەممە، ۱٤ی تەمووز، لەسەر دوو سکاڵای تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کۆببێتەوە.

سکاڵای یەکەم لە لایەن ڕەمەزان مەحەمەد عەبدولڕەحمان و کاروان ئەحمەد سلێمان لەسەر تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق تۆمار کراوە. دوو داواکارییان لە دادگا هەیە کە یەکەمیان گرەنتی خەجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بکرێت لە کاتی خۆیدا. کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر لێکدانەوەو جێبەجێکردنی یاسای بودجە نەبێتە هۆی نەدانی مووچە.

داواکاری دووەمیان دەرکردنی فەرمانی سالاری (ئەمری وەلائی) بە پابەند کردنی وەزارەتی دارایی عێراق بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی لە هەرێم لەم مانگەوە تا یەکلایی بوونەوەو بڕیاردان لە سکاڵاکە.

سکاڵای دووەم، لە لایەن هەریەک لە دلاوەر عەلی محەحەمەد ساڵح و زریان عەلی محەمەد و سامان عەلی ساڵح لە دژی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی عێراق تۆمار کراوە. داوا دەکەن مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوور بخرێتەوە لە ململانێ سیاسییەکان. هەروەها دوور بخرێتەوە لە خەرجی ڕاستەقینە لە یاسای بودجەدا.

بڕیاربوو ڕۆژی ۱۹ی مانگی ڕابردوو، دادگای فیدڕاڵی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کۆببێتەوە، بەڵام ململانێی سەرۆکی پێشووی دادگا لەگەڵ ئەندامانی دادگا دەست لەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵی ئەندامانی دادگا و پەکخستنی دادگاکەی بۆ ماوەی بیست ڕۆژ لێکەوتەوە.