زایەڵە ـــ ماموستا "ڕەحیم لوقمانی" تەنیا شێعر و کتێب وەک هاودەمی تەنیایی و یاریدەری مەرەقەکانی خۆی دەزانێت، نەک هیچ کەس و هیچ شتێکی تر.
دیمانەی ئاژانسی هەواڵی زایەڵە لەگەڵ شاعێری هەست ناسکی کوردستانی ئێران مامۆستا "ڕەحیم لوقمانی(نەکەرۆز). دەقی تەواوی دیمانەکە:
سەرەتا خۆتان باشتر بناسێنن، لە دایکبووی چ ساڵێک و کام شاری کوردستانن و تا چ ئاستێک خوێندووتانە و لە چ تەمەنێکدا هەستت بەوەی کرد کە دەبێ زمانی شێعر هەڵبژێری و هەستی دەروونت بە شێعر دەربڕی و هۆکاری چ بوو؟
وڵام: سپاس بۆ بەسەرکردنەوە و وەفاداریتان. من، ساڵی ١٩٦٠ لە ناوچەی سەقز لە دایک بووم. لەو شارە خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندیم تەواو کردووە، پاشان بوومەتە مامۆستای گوندەکانی ئەو شارە. لە زانکۆ بەشی ئەدەبیاتی فارسیم تەواو کردووە و ساڵی ٢٠٠٠ هاتوومەتە سنە و لێرەش مامۆستای ئەدەبی فارسی بووم بۆ منداڵانی دواناوەندی. سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەکەت دەبێ بڵێم، ئەو دەمانەی کە منداڵێکی دە دوازدە ساڵان بووم، کتێبی کوردی جگە لە دوو سێ کتێبی بچووکی ئایینی وەک وەفاتنامە و مێعراجنامە و...، کوردی هەموو قاچاخ بوو. چونکە ئەو جۆرە کتێبانەی کە بوون، بابەتێکی زمانی، ئەدەبی و نەتەوەییان تێدا نەبوو و بۆ پەزەکانی دەسەڵاتدارای سەردەمی پاشایەتی بێ زیان بوون. لە ڕاستیدا لە ڕووی ناچارییەوە هۆگری ئەو کتێبانە بووم. لە پۆلی چوار و پێنجەمی سەرەتاییدا ئەوەندە ئەو کتێبانەم خوێندبووەوە هەمووم لەبەر کردبوون. شەوانە لە ماڵان بۆ خەڵکم دەخوێندنەوە و ئەوانیش خوڕ خوڕ دەگریان. منیش نەمدەزانی ئەو خەڵکە بۆچی دەگرین! ئەو ساڵانە کتێبی کوردی یان دیوانی شاعیران لە ماڵ هەر کەس بگیرایە حوکمی زیندان بوو یان بێسەروشوێن دەکرا. حەزێکی تایبەتم لە شێعر و قافیەسازی هەبوو. لەو تەمەنەدا هەستێکی باشم پەیداکردبوو. بە ڕۆژدا لە دەشت و دەر چیم کردبوو، شەوان بۆ کۆڕی منداڵان و هاوتەمەنی خۆم بە شێعری خۆوێژی دەمگێڕانەوە، بە بێ ئەوەی لە سەری بوەستم یان بینووسم. زۆر جار گەورەکانیش لە دەورەم دەوەستان و گوێیان بۆ دەگرتم و دواتر ئافەرینیان پێ دەگوتم. ئەمە جۆرێک بوو لە سەرەتای شێعر وتنم. بەڵام لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن، نەزمی سادەی منداڵانەشم باڵای کرد. جارێکیان لە سەقز دوو سێ شێعری قانعم بە شێوەی دەستنووس پەیدا کرد. ئەو شێعرانەی مامۆستا قانع گەورەترین باندۆریان لە سەر ژیان و بیرکردنەوەی من دانا. وایان لێ کردم کتێبە کۆنەکان وەلا نێم و ڕوو بەکەمە دنیایەکی جیاواز لە شێعر و بیروباوەڕی کوردایەتی. ئاخر من منداڵی بنەماڵەیەکی هەژار و دەستکورت بووم. شێعرەکانی قانع تەواو ڕەنگدانەوەی ژیان و پێگەی کۆمەڵایەتی ئێمەمانان بوو. هەر بۆیە منیش حەزم دەکرد بەو جۆرە شێعرانە هاواری ژیانی تاڵی خۆم بکەم.
ژیانی هونەری و هۆگر بوونت بە شێعر و ئەدەب بە گشتی چ کاریگەرییەکی بووە لەسەر ژیانی کومەڵایەتی و بنەماڵەیی و خێزانیت، تا چ ڕادەیەک یاریدەدەرت بووە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قەیران و کێشەکانی ژیان، یان بە پێچەوانەوە هیچ یاریدەر نەبووە و تەنانەت کێشەی بۆ ساز کرووی ؟
وڵام: لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێراندا یەکێک بووم لەو گەنجانەی لە کۆبوونەوەکانی خەڵکی سەقزدا شێعری شۆڕشگێڕانەم دەخوێندەوە، چونکە ئەو کاتە ئەو جۆرە شێعرانە پەسەندی خەڵک و شەقام بوو. بەڵام دواتر کە شەڕ و نەهامەتی ڕوویاندا، شێعرەکانم بە ناوی "نەکەرۆز" بڵاو دەبوونەوە. منیش وەک زۆربەی منداڵی کورد حەزم لە ناوی داسەپاوی بێگانە نەبوو، بۆیە حەزم دەکرد نەکەرۆز بم نەک ڕەحیم! لەو بارودۆخەدا چەند شێعرێکم کران بە سروود و بە دەنگی کاک نەجمەی غوڵامی بڵاو کرانەوە، وەک: (من پشکۆیەک لەو ئاگرەم و سروودی نەورۆز). ئەمەیان بۆ ژیان و پیشەی مامۆستاییم خراپ بە سەرمدا شکایەوە. لەسەر ئەوانە ماوەیەک زیندان کرام و لەسەر کارەکەشم لابرام... لەوانەیە ئەگەر ئێستا بوایە ئەو شێعرانە هیچ کێشەیەکیان ساز نەدەکرد. پاش مەرگی مامۆستا هێمن (کە ئەو کاتە من لە زیندانی سەقز بووم) چووم بۆ ئینتشاراتی سەلاحەدین ئەییووبی واتە گۆڤاری سروە لە شاری ورمێ و لەو ناوەندە کوردییە دەستم بە کاری ئەدەبی کرد کە بۆ من تەجروبەیەکی بەنرخ و باش بوو. بەو بۆنەوە لەگەڵ کەسایەتی ئەدەبی و زۆربەی نووسەر و شاعیرانی کورد دۆستایەتیم پەیدا کرد. یادی ئەو ئازیزانە و دۆستانم بەخێر...بە گشتیی ئەگەرچی شێعرەکانم کێشەیان بۆ ساز کردووم؛ بەڵام لە هەمان کاتدا بۆ نووسینی هاوارەکانم، شێعر باشترین یاریدەدەری مەراق و خەمەکانی ژیانم بووە. دەتوانم بڵێم لە گوزەرگای ژیان و کێشەکانی ڕۆژگاردا، تەنیا شێعر و کتێب هاودەمی تەنیایی و یاریدەدەری مەراقەکانم بوون، نە هیچ شتێک و نە کەسیتر.
مامۆستا ڕەحیم لوقمانی بۆچی شێعری هەڵبژارد وەک پیشەی پڕۆفشناڵ و ئەگەر بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مناڵی و لاویەتی دیسان هەر ئەم کارە دەکات؟
وڵام: پێش هەموو شتێک من مامۆستا نیم و نازناوی بریقەدارم پێ خۆش نییە. لەوانەیە ئەو وشەیە بۆ شانی من قورس بێ و نەتوانم هەڵیبگرم. لە ڕاستیدا قەت لەو باوەڕەدا نەبووم کە شێعرم هەڵبژاردووە. ئاخر ئەو جۆرە ژیانەی کە ئێمەی تێدا بووین، ئەو ستەم و ئازارانەی کە تا مێشکی ئێسقانمان ڕیشەی داکوتاوە، بە گشتیی نەهامەتییەکانی ژیان وات لێدەکەن هاوار بکەی، سکاڵای دەروونت دەرببڕی. لەو دەمەدا خوێندنەوەم زیاتر شێعری شاعیرە گەورەکان و ئەدەبی بەرئەنگاری بوو، چ کوردی چ فارسی چ ئەدەبی وەرگێڕان. کە چاوم دەکردەوە، هەستم بە ئاسوودەیی و خۆشییەکانی ژیان نەدەکرد. وەک هەندێ منداڵی دەسەڵاتداری هاوتەمەنم یان منداڵی گەلانی بەختەوەر، هەرگیز تامی شیرینی منداڵیم نەچێشت. ڕۆژگاری گەنجێتیشم بوو بە شەڕ و خوێن و تاڵاوی نەهامەتییەکان. لە بارودۆخی ئاوادا ئینسانێک کە تۆزێ هزر و هەستی تێدابێ، چۆن دەتوانێ بێدەنگ بژی؟ لە جوگرافیای خوێن و گریان و برسێتیدا، هونەرمەندی دەنگخۆش بە گۆرانی هاواری خۆی و هاوزمانانی دەکات، نیگارکێش بە زمانی ڕەنگ سکاڵای خۆی و ڕاستییە شاراوەکانی ژیان نەخش دەکات. ڕۆماننووس سەر دەکێشێتە ناخی ئازار و خەمەکانی مرۆڤی دەوروبەری خۆی و زامەکانیان دەهێنێتە گۆ. منیش کە هەستێکی سادەی شاعیرانەم هەبوو، بە وشەی ساکار و وتەی سەروادار، هاوار و سکاڵای ژیانی خۆم دەکرد. دەتوانم بێژم ئەو وشانە لە بیر و مێشکی منەوە هاوار و ئازار و خەم و خۆشەویستی گەلێکی ستەمدیدەی دەهێنایە گۆ، کە خۆیشم دڵۆپێک لە دەریای ئەو نەتەوەم. ئێستاش ئەگەر بگەڕێمەوە ئەو سەردەمە، لەوانەیە ڕووداوەکانی ژیان دووبارە ببنەوە و دیسان لە گەرووی شێعرەوە هاوار بکەم.
دەزانم لەبواری ڕاهێنان و پەروەردەشدا چالاکن و چەندین خولی کارگەی شیعرتان لە فێرگەی "ڕاژە"ی شاری سنە داناوە، ئاستی نووسین و بەهرەی بەشداربووانی پۆلەکانت چۆن دەبینی؟ ئاخۆ تاکوو ئێستا کەسانێک بووە کە بەدڵی خۆت ڕاهێنانانت بۆ کردبێ و ئێستا لە بواری شێعر و ئەدبی کوردیدا قەڵەمێکی بەهێزیان بێت و ناو و ناوبانگیان دەرکردبێ؟
وڵام: لە وانەگوتنەوەی فێرگەکان و ڕاهێنانی کچان و تازەلاواندا هیچ ناڵێم، ئەوەیان دەهێڵمەوە بۆ بیروڕای فێرخوازانی ئەو کات و جەوانان و گەورەکانی ئێستا، با ئەوان لە سەر زانیاری یان نەزانین، ڕەوشت و ئاکار، چۆنیەتی زمان و کرداری من ڕای خۆیان دەرببڕن. بەڵام لەم چەند ساڵەدا کە لە سنەم، زۆر کەس پێوەندییان پێوە کردووم و ویستوویانە لە تەجروبەکانی نووسین بەهرەمەند بن. منیش هاتمە سەر ئەوەی چەند خولێک بۆ ئەو کەسانە دابنێم کە هەست و حەزی نووسینیان تێدایە وەک: شێعر، پەخشان یان وەرگێڕان. یەکەمجار لە "دامەزراوەی سۆما" دەستم پێکرد. کۆمەڵێک ژن و پیاو هاتنە ئەو خولە و بۆ ماوەی چەند مانگ لە سەر بنەماکانی شێعری کوردی لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ، وەک: زمان، موسیقا، خەیاڵ، جوانکاری، ڕواڵەت و دەروون وێنەی شاعیرانە و... شیکاریم بۆ کردن و نموونەی زۆرم بۆ بابەتەکان نیشان دان. هەمیشە لە دانیشتنەکاندا پێشنیازی ئەم چەند خاڵەم کردووە بۆ هۆگرانی نووسینی کوردی: چۆن بنووسین، چی بنووسین، بۆ کێ بنووسین؟ پاش یەکەم خولم لە دامەزراوەی "سۆما" لە فێرگەی کوردیی ڕاژە بەرنامەی دیکە و دەورەی تازەم کردەوە. هەروەها خولێکیشم لە زانکۆی کوردستان بۆ ئەو خوێندکارانە دانا کە حەزیان لە نووسینی کوردی بوو بەڵام لە سەرەتای کاردا بوون. لەو چەند دەورەیەدا کە لە فێرگەی ڕاژە خولی شێعری کوردیم داناوە، (خۆیان پێێ دەڵێن کارگای شێعر) بێگومان کەسانێکی بەهرەدار بەشدارییان تێدا کردووە و لە تەجروبە و خوێندنەوەکانی منیش کەڵکیان وەرگرتووە؛ بەڵام لە بنەڕەتدا خۆیان بە توانان بوون و بەردەوام بوون لە خوێندنەوە و خۆپێگەیاندندا. ئێستا چەند کەسێکیان دەبینم کە لە ژانری دیکەدا نووسەر و داهێنەری چاکن و بەرهەمی جوانیان پێشەکەشی کتێبخانەی کوردی کردووە و هەمیشە شانازییان پێوە دەکەم
ئەو شاعیرەی کە زۆرترین کاریگەری لەسەر داناوی، کێ بووە و بۆچی؟
وڵام: شێعر دەرئەنجامی دوو شتە: جوگرافیا و نەتەوە. ئەو جوگرافیا و ئەو نەتەوەی منی تێدا گەورە بووم، جگە لە پەژارە و ناکامی و ئازاری ژیان، چ ئاسایش و خۆشییەکی تێدا بووە کە هونەری دیکەم فێر بکات؟ بێگومان هەژاریی و ئازارەکانی ژیان، کارەساتەکانی مێژوو، دەردی کۆمەڵگەی کوردەواری، لە سەر چۆنیەتی شێعرەکانم زۆرترین کاریگەرییان بووە. لەگەڵ ئەوەشدا قەت دانەبڕاوم لە خوێندنەوەی بەرهەم و تەجروبەکانی شاعیرانی کورد و ناکورد. هەرکام لەو بەرهەمانەش بە پێی حەز و هاوسۆزیم لە سەر ڕامان و فکری من باندۆری خۆیان هەبووە. چونکە بە خوێندنەوەی زۆرێک لەو بەرهەمانە، هەستم کردووە ڕووکارەکانی ژیان و جیهانی ناتەبای خۆمان دەخوێنمەوە.ئاخر وەک چۆن مرۆڤ لە ژیاندا پێویستی بە کەلوپەل و پێداویستی گەلانی پێشکەوتووی جیهان هەیە، ئەدەبیاتیش لەگەڵ پاراستن و گەشەپێدانی زمان و ڕەسەنایەتی خۆی، پێویستی بە تازەبوونەوە و تەجروبەی گەلانی دیکەش هەیە.
تا کوو ئێستا چەن بەرهەم بە قەڵەمی جەنابت لەچاپ دراوە؟ دەتەوێ بۆ داهاتوو دیسان بەرهەمی چاپ کراوەت هەبێ؟ یان باشتر بیڵێم بەردەوام ئێستاش خەریکی نووسینی و بەنیازی لەچاپی بەی؟
بەرهەمی چاپکراو:
١ــ زامستان، هەڵبژاردەیەکە لە شێعرەکانم کە یەکەم جار ئینتشاراتی گۆران لە سنە ساڵی ٢٠٠٢،بە شێوەیەکی زۆر خراپ بە جێی چاپ، ریسۆگرافی کردووە. دواتر ئینتشاراتی پەرتوبەیان ساڵی ٢٠٠٣ بە شێوەیەکی گونجاو چاپی دووەمی خستە بەر دەستی خوێنەران.
٢ــ فاشیزم چییە (یەڵماز گۆنەی) چیرۆک بۆ مناڵان، وەرگێڕان، ئینتشاراتی پەرتوبەیان ٢٠٠٣ سنە
٣ــ چوارینەکانی باباتاهیر هەمەدانی، گۆڕینی بۆ سۆرانی، ئینتشاراتی کالج ٢٠١٣ سنە
٤ـ زامستان و پشکۆی هاوار، چاپی تازەی زامستانە لەگەڵ کۆمەڵێک شێعری تازە، دوو کتێب لە بەرگێکدا. چاپی کالج ٢٠١٥
٥ــ شمشاڵی سێحراوی یان (کەرێک میداڵی وەرگرت) وەرگێڕان و ئامادە کردنی سێ کورتە چیرۆکە بۆ لاوان و تازەلاوان. چاپی 2015 کالجی سنە.
٦ــ چیرۆک و ئەفسانەی کورد، کۆمەڵێ چیرۆکی کۆنی کوردی ناوچەی سەقزە ساڵی ٢٠٢٠ ناوەندی خانی لە سەقز چاپ کردووە.
٧ــ جینایەتەکانی داعش لە سەر ژنانی کورد، وەرگێڕانی ڕیسالەی مافناسیی شنۆ ئەحمەد، لە فارسییەوە بۆ کوردی. ساڵی ٢٠٢٠ ناوەندی خانی لە سەقز چاپی کردووە.
٨ــ ژنخواکانی کوردستانی دێرین و ئەفسانەی گێڵگامێش. ساڵی ٢٠٢٣ ناوەندی خانی چاپی کردووە. بۆ جاری دووەم ئەم کتێبە بە پێداچوونەوە و لێکدانەوەی جوانتری خۆم ساڵی ٢٠٢٤ لە وەشانخانەی ٤٩ لە سوئید چاپ کراوە.
٩ــ لانکی ژیان، شێعر بۆ منداڵان. وەشانخانەی ٤٩ لە سوئێد چاپی کردووە.
بەرهەمی ئامادەی چاپ:
١ـ قاقای گریان، بیرەوەری و سەربوردەی تاڵ و شیرینی ژیانم. ئامادەی چاپ
٢ــ کەشکۆڵێک لە ئەدەبی بێگانە، وەرگێڕانی چەند کورتە چیرۆک، لە فارسییەوە بۆ کوردی، ئامادەی چاپ.
٣ــ کۆمەڵێک وتار و لێکۆڵینەوە لە سەر شێعر و ئەدەبی کوردی، ئامادەی چاپ.
٤ـ دیوانی شێعری تازەم بە ناوی "چل ساڵە من هاوار دەکەم" ئامادەی چاپ.
٥ــ سروودەکانی ئاڤێستا، ئامادەی چاپ.
٦ــ تەسکیندەریی فەلسەفی، (ئالێن دوباتێن) وەرگێڕانی کتێبیکی کۆمەڵایەتی ـ فەکسەفیی بۆ زمانی کوردی.
٧ــ سەگمەرگ، چوار کورتە چیرۆک لە نووسینی خۆمە و ئامادەی چاپە.
پرسیاری کۆتایی، ماموستا ڕەحیم لوقمانی شێعر چۆن پێناسە دەکات؟
وڵام: شێعر هیچ نییە جگە لە زمان. هەڵوێست و کاردانەوەی دەروونی مرۆڤە بۆ دەوروبەر، سروشت ، ژیان و جیهان کە بە گەمەی زمانی دێتە بەرهەم. بەداخەوە لەم دۆخەی ئێستادا، سنووری نێوان چاک و خراپ، درۆ و ڕاستی، سیاسەتوان و سیاسەتفرۆش، گەلدۆست و گەلفرۆش و هونەر و ناهونەر، شێعر و ناشێعر بەسەر یەکدا شێواوە. لەم سۆنگەوە بیری ڕەها و هزری ئازاد و ڕوانینی قووڵی دەوێ تا زێڕ و نازێڕی هەر یەک لەوانە لێک بناسرێن و لێک جودا بکرێنەوە.
ئامادەکردن: کەژاڵ حەمیدی