زایەڵە - بەرهەمی نەفتا (کۆندێنسەیت)ی کێڵگەی کۆرمۆر بووەتە یەکێک لە ڕێگرییەکانی  بەردەم ڕێکەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر. حکومەتی هەرێم دەیەوێت لە دەرەوەی بەرهەمی نەوتی هەرێم هەژمار بکرێت. بەڵام بەغدا هاوشێوەی بەرهەمی کێڵگەکانی تر هەژماری دەکات.

دوای سکاڵاکانی کۆمپانیای داناگاز دژی هەرێم  لە ساڵی ۲۰۱۷ حکومەتی هەرێم  ڕێکەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای داناگاز ئەنجامدا لەبەرامبەردا کۆمپانیاکە سکاڵاکانی کێشایەوە. لە ڕێکەوتنەکەدا بەرهەمی ڕۆژانەی نەفتای کێڵگەکە دەدرێت بە کۆمپانیای داناگاز لە بری قەرز و شایستەی دارایی کۆمپانیاکە.

لە ئێستادا بەرهەمی ڕۆژانەی کێڵگەی کۆرمۆر ۲۰ هەزار بەرمیل نەفتایە. کۆمپانیای داناگاز لە ڕێگای کۆمپانیای قەیوانەوە دەیفرۆشێت. بەشی زۆری لە ناوخۆدا بە تێکەڵ کردنی لەگەڵ بەنزینی جۆری سوپەر و چەند ماددەیەکی تر بەنزینی نۆرماڵی لێ دروست دەکرێت. ڕۆژانە زیاتر له ملیۆنێک لیتر بەنزینی جۆری نۆرماڵ کە لە نەفتای کۆرمۆر دروست دەکرێت دەخرێتە بازاڕەوە. بەشێکی تریشی ڕەوانەی ئێران دەکرێت.

بەر لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، نەفتای بەرهەمهێنراو دەگوازرایەوە بۆ پەمپ ستەیشنی خوڕمەڵە. تێکەڵ بە نەوتی هەرێم دەکرا. بۆ بەرز کردنەوەی کوالێتی نەوتی هەرێم. حکومەت مانگانە پارەکەی دەدایەوە کۆمپانیای داناگاز.

لە ئێستادا حکومەتی هەرێم دەیەوێت ڕێکەوتنی پێدانی پارەی نەفتا کۆمپانیای داناگاز بەردەوام بێت تا لەو ڕێگایەوە قەرز و شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکە لەبەرهەمهێنانی غاز پاکتاو بکات.