زایەڵە - حكومەتی عێراق دەیەوێت لە ڕێی دادگاەوە گرێبەستە غازییەكانی هەرێم بە نایاسایی لەقەڵەم بدات و هەڵیان بووەشێنێتەوە.

پەرلەمانتاری شیعە باسم جەلیف غرێباوی لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵایەکی دژی هەردوو گرێبەستە غازییەکەی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا ئەمەریکییەکان تۆرمارکرد کە لە ۱۹ی ئایاری ئەمساڵ لە ئەمریكا واژۆ کران.

سکاڵاکە دژی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت تۆمارکراوەو داوا دەکات دادگای فیدڕاڵی هەردوو گرێبەستی کێڵگەی "تۆپخانە -کوردەمیر و میران" هەڵبوەشێنێتەوە لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای وێسترۆن زاگرۆس و ئێچ کەی ئێنی ئەمەریکی واژوو كراون.

 لە ناوەڕۆكی سكاڵاكەدا داوا كراوە بڕیار بدرێت حکومەتی هەرێم هیچ گرێبەستێک واژوو نەكات و دەسەڵاتی هەموو گرێبەستێکی نەوت و غاز بگەڕێتەوە بۆ حکومەتی ناوەند.

دادگای فیدڕاڵی ڕۆژی ۲۰ی ئەم مانگەی وەک یەکەم ڕۆژی دانیشتن لەسەر سکاڵاکە دیاری کردووە.

ڕۆژی ۱۹ی ئایاری ئەمساڵ، حکومەتی هەرێم و هەردوو کۆمپانیای وێسترۆن زاگرۆس و ئێچ کەی ئێنی ئەمەریکی دوو گرێبەستیان بۆ پەرەپێدانی کێڵگە غازییەکانی تۆپخانە -کوردەمیر و میران لە ژووری بازرگانی واشنتۆن واژۆ کرد.