زایەڵە - حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لەبارەی نەوت لەگەڵ هەرێم تەنیا یەك بڕگە ماوە لەسەر رێكبكەون كە ئەویش بڕی ئەو نەوتەیە هەرێم بۆ پێداویستی ناوخۆیی داوای دەكات.

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای رەسمی عێراق وتی، بەگوێرەی یاسای بودجە دەبێت هەرێمی كوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بكات بەمەبەستی هەناردەكردنی لەڕێگەی بەندەری جەیهانی توركییەوە.

وتوشیەتی، لە ماوەی رابردودا گفتوگۆ و دانوستانی زۆر و چڕ كراوە لەسەر جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنی لە یاسای بودجەدا هەیەو بەگوێرەی ئەو دانوستانانەش همواری یاسای بودجە كرا بە ئامانجی خێراكردنی رادەستكردنی نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە كە لە هەموارەكەدا 16 دۆلار دانراوە بۆ تێچوی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لەهەرێم.

بەپێی قسەی وەزیری نەوتی عێراق، هەردو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و چاودێری دارایی هەرێم رێككەوتون لەسەر دیاریكردنی بڕی 46 هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ پێداویستی ناوخۆیی هەرێم بەڵام هەرێمی كوردستان ئێستادا داوای 65 هەزار بەرمیل نەوت دەكات.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، بەنزیكەیی لەسەر هەمو بڕگەكان رێككەوتوین تەنیا، ئەم بڕگەیە ماوە، هیوادارین لە قۆناغەكانی داهاتودا هەرێمی كوردستان رازی بێت بەو بڕەی كە هەردو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم لەسەری رێككەوتون.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا حەیان عەبدولغەنی وتویەتی، لای خۆمانەوە وەك حكومەتی فیدراڵ، لایەنی توركی و لایەنی كوردییمان ئاگاداركردونەتەوە كە ئامادەین بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێم و هەناردەكردنەوەی و توركیاش ئامادەیە بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام چاوەڕێین برایان لە هەرێمی كوردستان ئەو بڕە نەوتە رادەست بكەین بۆ ئەوەی هەناردە بكرێت.

وەك وەزیری نەوتی عێراق باسی كردوە، لە ئێستادا حكومەتی فیدراڵی نزیكەی 300 هەزار بەرمیل نەوت لەدەستدەدات چونكە ئەو بڕەی كە لەلایەن هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێت لەسەر پشكی عێراق دیاریكراوە لە ئۆپیك وێڕای ئەوەی حكومەتی فیدراڵ سود لەو نەوتەی هەرێم وەرناگرێت.