زایەڵە-ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندی چەند كەسێك و چەند كۆمپانیایەك و چەند لایەنێك، یاری بە قوت و بژێوی ژیانی تاك بە تاكی ئەم هەرێمە دەكەن، جەختیش دەكاتەوە، كشانەوە لە بەغدا جگە لە نەهامەنی‌ و شكستێكی دیكە و لە دەستدان ئەوەی هەیە شتێكی تر بەرهەم ناهێنێت

دارا سێكانیانی ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق  لەوتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵەڕایگەیاند: ڕێكخراو، حیزب، حكومەت، بەرنامە، پرۆژە پێویستە لە خزمەت گەل و وڵاتدا بێت. بانگەشە و دروشم بەڵێنی زۆرتاندا وا دەرنەچوو. 10 ساڵە قەیرانی مووچە هەیە، هاوڵاتییان سزا دەدرێن، 33 ساڵە ئەزموونێكی شكستخوارد و نمایش دەكەن.

ئاماژەی بەوەشكردووە، چ قەیران و نەهامەتییەك و كێشەیەك هەیە بۆ هاوڵاتییانی ئەم هەرێمەتان دروست نەكردبێت؟، كاتێك یەكێك ڕەخنەتان لێ دەگرێت یان باسی شكستەكانتان دەكات، چەندان تۆمەتی بۆ دروست دەكەن. چەنداین ساڵە بە قەوانی كوردایەتی و نیشتمانپەروەری و كوردایەتی كارە خراپەكانتان بە خەڵك دەفرۆشنەوە.

ئەو پەرلەمانتارە كوردە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئومێدی سەدان ساڵەی گەلتان زیندەبەچاڵ كرد، هیوای چەندان نەوەی داهاتوتان لە بار برد. شەڕی ناوخۆ، هێنانی سوپای نەیاران، تاڵانكردنی سامانی سەر زەوی و ژێرزەوی. بە مانای وشە ئەندازیاری قەیرانن

باسی لەوەشكردووە، لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە ئێستا بتەوێت یاری بە قوت و بژێوی ژیانی تاك بە تاكی ئەم هەرێمە بكەیت، لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندی چەند كەسێك و چەند كۆمپانیایەك و چەند لایەنێك. لە چ وڵاتێك حكومەتێك هەیە ئاوەها سزای هاوڵاتییان و فەرمانبەران و مووچەخۆرانی خۆی بدات لە بری پاداشت و دەستخۆشی.

دارا سێكانیانی جەختی لەوەشكردووەتەوە، كە پێچەوانەی دەستور و یاسا و ئیرادەی ناوچەی و نێودەوڵەتی و بەرژەوەندی هەرێم و هاوڵاتییان بێت جگە لە نەهامەتی و قوڵكردنەوەی قەیرانەكان و كارەساتێكی نەخوازراوتر، شتێكی تر بەرهەم ناهێنێت، ئەم نەغمەیە و زمانی هەڕەشەیە جگە لە شكستێكی تر و لە دەستدان ئەوەی هەیە شتێكی تر بەرهەم ناهێنێت.