زایەڵە-بەپێی زانیاری ماڵپەڕی بەغداد ئەلیەوم ئەمڕۆ لیژنە وزارییەكەی سەرۆک وەزیران راپۆرتەکەی تەواو دەکات و ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەکات، بڕیارە لە دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێ بكرێت، کە سێشەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.

هاتوه پرسی داهاتە ناوخۆییەکان و رادەستکردنی (50%)ی هەرێم بە بەغداد رێککەوتنی لەسەر كراوە، نیمچە رێككەوتنیش لەسەر تەوتینكردن كراوە، هاوكات رێککەوتنیش کراوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت.

ئاماژە بەوەکراوه، تاکە خاڵی ناکۆکی ماوەتەوە، پەیوەندی بەو بڕە هەیە کە هەرێم پێویستی پێیەتی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ، حکومەتی فیدراڵی پێی وایە (46)هەزار بەرمیلە، لەکاتێکدا کوردستان داوای (65) هەزار بەرمیل دەکات، ئەگەری گەیشتن بە سازانیش هەیە پێش دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران.

هاوکات، بەپێی بەرنامەی دانیشتنەکانی دادگای باڵای فیدراڵی، سبەینێ لە دانیشتنی یەکەمیدا داوایەکی یاسایی کە لە دژی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دارایی تۆمارکراوە و داواکراوە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ململانێ سیاسییەکان دووربخرێتەوە بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.

هەروەها هەر سبەینێ لە داوایەکی تر  کە لە دژی وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵ تۆمارکراوە، داواکراوە، کە گەرەنتی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران بە شێوەی مانگانە لە وادەی خۆیدا بکرێت، هاوکات فەرمانسالاری بۆ پابەندکردنی وەزارەتی دارایی عێراق بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەبێ دواکەوتن.