زایەڵە ـــ  بڵاوکراوەیەکی ئیسپانی ڕەخنەی لە ناوبژیوانی ئێرانی "عەلیڕەزا فەغانی" گرت کە شەوی یەکشەممە سەرپەرشتی یاری کۆتایی موندیالی یانەکانی کرد.

 شەوی یەکشەممە چێڵسی و پاریس سانجێرمان یاری کۆتایی موندیالی یانەکانیان ئەنجامدا لەیاریگای مێتلایف و هەڵبژاردەی ئینگلیزی بە تۆمار کردنی سێ گۆڵ یارییەکەی بردەوە.

 لە کاتی یارییەکەدا، یاریزانانی هەردوو تیپ زۆر بەیەکداچوون و ئەم دەمەقاڵە هەتا دوای فیکەی کۆتاییش بەردەوام بوو. عەلیڕەزا فەغانی ناوبژیوانی ئێرانی و دانیشتووی ئوسترالیا ناوبژیوانی ئەم یارییەی لە ئەستۆ بوو، ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی ڕەخنەی لە ناوبژیوانییەکەی گرت و گوتی "بۆ یاریی کۆتایی لەم ئاستەدا دەبێت ناوبژیوانێک لە هەمان ئاست هەڵبژێردرێت. لەوانەیە فەغانی سیڤییەکی باشی هەبێت، بەڵام زۆربەی کات سەرپەرشتی یارییەکانی نێوان تیپە بەناوبانگەکانی ئەوروپا ناکات، ئەمەش ئاشکرا بوو." فەغانی لەم یارییەدا 6 کارتی زەرد و یەک کارتی سووری به یاریزانانی هه ردوو یانەکە پیشان دا.