زایەڵە - وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رایگەیاند، هێرشە درۆنییەكەی سەر كێڵگەی نەوتی خورمەڵە، زیانی گیانی لێنەكەوتۆتەوەو تەنیا زیان بە بۆرییەكانی ئاوی وێستگەكە گەیشتوە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئێوارەی رۆژی دوشەممە (14)ی تەمموزی 2025 لە كاتژمێر 8:20 و 8:25 لە ڕێگەی دو درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرش كرایە سەر كێڵگەی نەوتی خۆرمەڵە لە پارێزگای هەولێر.
وتوشیەتی"هێرشەکە هیچ زیانێكی گیانی نەبوە و تەنیا زیانی بە بۆرییەکانی ئاوی وێستگەکە گەیاندوە.
جەختیشی كردۆتەوە كە وەزارەتەكەیان ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر ژێرخانی ئابوریی هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکات.
پێشتر دژەتیرۆری كوردستان وفەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەهاوبەشەكانی عێراق لە دوراگەیەندراوی جیاوازدا ئاماژەیان بەوەدا كە هێرشەكە لەڕێگەی دو درۆنەوە كراوەو زیانی گیانی بەدواوە نەبوە.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق هێمای بۆ ئەوە كردكەسەرچاوەی درۆنەكان دیار نییەو لەگەڵ هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەكانی هەرێمی كوردستان لە هەماهەنگیدان بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشەكە.