زایەڵە - کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان کۆتاییهات و لە راگەیێندراوەکەیدا هیچ ئاماژەیەک بە مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەکراوە.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان، ئێوارەی (دووشەممە، 14ی تەممووزی 2025) کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر و بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی راگەیێندراوێکدا نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو، سەرەڕای چاوەڕوانییەکان، هیچ ئاماژەیەک بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا نەکراوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، لەکۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی ئاڵنگارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی بەردەم عێراق و کاریگەرییەکانیان لەسەر ئاسایش و سەقامگیری و رەوتی پرۆسەی سیاسی کراوە. راگەیێندراوەکە دەڵێت: "جەخت لەسەر یەکخستنی هەڵوێستی نیشتمانی کراوەتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانە و پاراستنی بڕیاری عێراقی بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بکات."
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. لەو کۆبوونەوەیەدا، دۆسیەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو تاوتوێ کراوە و ئامادەبووان جەختیان لەسەر "گرنگیی دابینکردنی ژینگەیەکی لەبار و بەهێزکردنی ئاسایشی هەڵبژاردن" کردووەتەوە، بۆ ئەوەی پاکی و بێگەردی پرۆسەکە و متمانەی هاووڵاتییان مسۆگەر بکرێت و هانی بەشدارییەکی فراوان و کاریگەر بدات، کە رەنگدانەوەی ئیرادەی ئازادی گەل بێت و رێڕەوی دیموکراسی لە وڵاتدا بچەسپێنێت.
هاوکات، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە جەختیان لەسەر پێویستیی پەلەکردن لە دەرکردنی ژمارەیەک یاسای گرنگ لە پەرلەمان کردووەتەوە، بەتایبەتی ئەو یاسایانەی کە پەیوەستن بە بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییان و سەقامگیریی دەوڵەتەوە.
دەقی راگەیەنراوی کۆبوونەوەیەکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی

July 15, 2025