زایەڵە - وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ڕۆژی 5ـی8 وادەی پێدانی ژمارەی هەڵبژاردنەکان دەبێت بۆ هاوپەیمانی، حزبەکان و تاک کاندیدەکان كە بەشێوەی تیروپشك ئەنجام دەدرێت.
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی عێراق ڕاگەیاند، كۆمسیۆن بەردەوامە لە كارەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە 11ی (تشرینی دوەم/11)ی ئەمساڵ و سەرەتای مانگی (ئاب/8) پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەزمونی ئەنجام دەدرێت و كۆمسیۆن ئامێری تایبەت بە پرۆسە ئەزمونییەكە وەردەگرێتەوە، بەوپێیەی پرۆسەی نۆژەنكردنەوەیان هێشتا بەردەوامە.
باسی لەوەش كرد، لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ رێكخستنی تیروپشكی تایبەت بە هاوپەیمانی و پارت و كاندیدە تاكەكەسییەكان لە رۆژی 5ـی (ئاب/8) ئایندەدا. هەروەها كۆمسیۆن هێشتا لەرێگەی هۆبەی كاروباری كاندیدەكانەوە وردبینی بەرایی بۆ كاندیدەكان دەكات.
ناوبراو بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو كاندیدە تاكەكەسییانەی كە لەسەر كورسییە گشتییەكان و كورسی پێكهاتەكان كێبركی دەكەن، وردبینی لە تۆمارەكانیان كراوەو رەوانە كراون بۆ دڵنیابونەوە لە شایستەیی كاندیدبونیان.
باسی لەوەش كرد، چەندین دیدار لەگەڵ لیژنەی ئەمنیی كراوە لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆندا بە مەبەستی پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردن. هێشتا وردبینیە بەراییەكان بەردەوامە و كۆمسیۆن پێویستی بە 15 رۆژ هەیە بۆ كۆتایهێنان بەم كارە.