زایەڵە - لە ماوەی کەمتر لە دوو ڕۆژدا بە حەوت درۆن هێرشکرایە سەر پێنج کێڵگەی گەورەی نەوت لە هەرێمی کوردستان. هێرشەکان هەڕەشە بوون بۆ وەستاندنی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکان.
ئێوارەی ڕۆژی ۱٤ی تەمووز، بە دوو درۆن لە کاتژمێر 8:20 و 8:25 هێرشکرایە سەر ویستگەکانی جیاکردنەوەی غاز و نەوت لەنزیک گوندی هێڵاوە لە کێڵگەی نەوتی خوڕمەڵە لەناحیەی دیبەگەی پارێزگای هەولێر. هێرشەکە کۆمەڵگای وێستگەکانی کۆمپانیای کاری بەئامانج گرت کە وێستگەی کارۆغازی خورمەڵە و پەمپ ستەیشنی نەوتی خوڕمەڵە و گازپلانت و وێستگەی نەوت لەخۆ دەگرێت. لەهێرشەکان زیان بە بەشی فلێر و بەشی پەمپی ئاو لە وێستگەی نەوت گەیشت.
خوڕمەڵە گەورەترین کێڵگەی نەوتی هەرێمە. بەرهەمی ڕۆژانەی ۱۰۰ هەزار بەرمیل و ۱۲۰ ملیۆن پێ سێجا غازە. سەرچاوەی ٦۰۰ مێگاواتی کارەبا هەرێمە.
سەر لەبەیانی ڕۆژی ۱٥ی مانگ، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کێڵگەی نەوتی سەرسەنگی لە گوندی ملبرکێی ناحیەی چەمانکێی پارێزگای دهۆک کردە ئامانج و درۆنەکە خۆی بەبەشی بارکردنی نەوتدا کێشا. کێڵگەکە لەلایەن کۆمپانیای HKNی ئەمەریکی بەڕێوە دەبرێت. بەرهەمی ڕۆژانەی نزیکەی ٤۰ هەزار بەرمیل نەوتەو ئەوە یەکەم هێرش بوو بۆ سەر کۆمپانیایەکی نەوتی ئەمەریکی لەهەرێمی کوردستان.
ئێوارەی هەمان ڕۆژ درۆنێک بەبێ ئەوەی بتەقێتەوە لەنزیک پاڵاوگەی نەوتی لاناز لەڕێگای گوێڕ لە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە.
سەر لە بەیانی ۱٦ی تەمووز، هێرشەکان چڕ کرانەوەو لەماوەیەکی کەمدا سێ کێڵگەی نەوت لە پارێزگای دهۆک بەئامانج گیران. کاتژمێر 6:00 و 6:15 ی بەیانی بەدوو درۆن کێڵگەی نەوتی پێشخابوور لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی پارێزگای دهۆک و کاتژمێر 7:00 درۆنێکی تر کێڵگەی نەوتی تاوکی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کردە ئامانج. لە هەردوو کێڵگەکە ئاگر کەوتەوە و کێڵگەکانی تاوکێ و پێشخابوور بەرهەمی ڕۆژانەیان نزیکەی ٨۰ هەزار بەرمیل نەوتەو لەلایەن کۆمپانیای DNOی نەرویژی بەڕێوە دەبرێن.
چەند ساتێک دواتر و لە کاتژمێر 7:14 درۆنێک کێڵگەی نەوتی عەین سەفنی لەناحیەی باعەدرێ لەپارێزگای دهۆک کردە ئامانج و بەهۆیەوە بەرهمهێنانی نەوت ڕاگیرا.
کێڵگەکە بەرهەمی ڕۆژانەی زیاتر لە ۱٥ هەزار بەرمیلە. کۆمپانیای هەنت ئۆیڵی ئەمەریکی بەڕێوەی دەبات و کێڵگەکە هاوسنوری کێڵگەی نەوتی شێخانە.
دوای هێرشەکەی سەر عەین سەفنی کۆمپانیای گوڵف کیستۆن بەرهەمهێنانی لەکێڵگەی شێخان ڕاگرت. کە بەرهەمی ڕۆژانە نزیکەی ٤۰ هەزار بەرمیلە.
سەرەتای ئەم مانگە درۆنێکی بۆمبهاوێژ بەدووری کەمتر لە ۱۰ کیلۆمەتر لە خوارووی کێڵگەی حەسیرە لە گەرمیان کەوتە خوارەوە.
کێڵگەکانی خوڕمەڵە و تاوکێ و پێشخابوور و سەرسەنگ و عەین سەفنی کە بە ئامانج گیران، بەرهەمی ڕۆژانەیان ۲۳٥ هەزار بەرمیل نەوتە و لە دۆخی ئێستادا نزیکەی ۷٥ لەسەدی نەوتی هەرێم پێک دێنن.
دوای زنجیرە هێرشەکانی کێڵگەی کۆرمۆر لە سێ ساڵی ڕابردوو بۆ یەکەمجارە کێڵگەکانی تری نەوت لەهەرێم دووچاری هێرش ببنەوە.