زایەڵە - تەیف سامی لەبارەی ناردنی مووچە پەیامێکی بۆ حکوموتی کاربەرێکەر ناردووە و باس لەوە دەکات کە لەئێستادا پارەی کاشی لەبەردەست نییە بۆ ناردنی پارە و داوای پایەندبوونی حکومەتی کاربەڕێکەر بە بڕگەیەکی نوێ دەکات بۆ خەرج کردنی مووچەی مانگی پێنج.

ئەمڕۆ یەکشەممە، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، پەیامێکی بۆ حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم ناردوووە و پێی ڕاگەیاندوون، لە ئێستادا پارەی کاشی لەبەردەست نییە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم. 

هەروەها، سەرچاوەیەک لە حکومەتی کاربەڕێکەرەوە ڕایگەیاندووە، تەیف سامی دوو بڕیاری لەبارەی مووچە داوە کە بڕیاری یەکەم پەیوەستە بە پابەندبوونی حکومەتی کاربەڕێکەر بە ڕێککەوتنەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی نێوان هەولێر و بەغدا و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ناردنی مووچەی هەرێم کە خۆی دەبینێتەوە لە ڕادەست کردنی 230 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە سۆمۆ و  120 ملیار داهاتی مانگانەی نانەوتی هەرێم بە بەغدا لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە. 

بریاری دووەمی تەیف سامی بۆ ناردنی مووچە، پابەندبوونی حکومەتی کاربەڕێکەرە بە بڕگەیەکی نوێی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ناردنی مووچە کە پێشتر لە ڕێککەوتنەکەی ڕۆژی پێنجشەممە نەبووە؛ بڕگە نوێیەکە باس لەوە دەکات، دوای هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لەرێی سۆمۆ و گەیشتنی نەوتەکە بە بەندەری جەیهان، حکومەتی فیدڕاڵی دەست بەخەرج کردنی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات.

ئەمە لەکاتێکدایە، پێشبینی ناکرێت بەم زووانە نەوتی هەرێم لەبەندەری جەیهانەوە هەناردە بکرێتەوە و بەهۆیەوە پێشبینی دەکرێت خەرجکردنی مووچەی مانگی پێنج لەلایەن بەغدا زیاتر دوا بکەوێت.