زایەڵە - باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق رایگەیاند،رێككەوتنەكەی نێوان بەغداو هەرێم كە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەرداوە، حكومەتی هەرێم پابەند دەكات بە رادەستكردنی 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، ئەو رێكارەش لەگەڵ بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەبارەی تەوتینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دێتەوەو گەرەنتی خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش لە خەزێنەی فیدراڵی و بەپێی یاساو بودجە دەكات.
باسم عەوادی، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای رەسمی وڵاتەكەی وتی، بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كە لەلایەن هەردو حكومەتەوە رەزامەندی لەسەر دراوە، روداوێكی گەورەو ئاوارتەیەو كۆتایی بە چەندین ساڵ بیناكردنی پەیوەندیی دارایی لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتنە سیاسییەكان دەهێنێت و قۆناغێكی نوێی دادەمەزرێنێت كە دەستور و پابەندییە یاساییەكانی بودجە دەخاتەپێش هەر رێككەوتن و تێگەیشتنێكی سیاسی.
وتوشیەتی، بڕیارەكە پشت بەستوە بە بنەمایانەی كە لە بودجەی سێ ساڵەدا هاتون و ئەم جارە بەشێوەیەك كارایە كە یاسا دەخاتە سەرو هەر ئیعتبارێكی سیاسی كە ئەوەش وەرچەرخانێكی نەوعییە.
ئاماژەی بەوەشداوە، بەپێی دەقی بڕیارەكە، حكومەتی هەرێم پابەنددەكرێت بە رادەستكردنی 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە كۆمپانیای سۆمۆ و 50 هەزار بەرمیلیش بۆ بەكارهێنانی نێوخۆیی لە پارێزگاكانی هەرێم، سۆمۆ هەناردەی نەوتەكە دەگرێتە ئەستۆ و داهاتەكەی دەخاتە خەزێنەی گشتی كە خەزێنەیەكی یەكگرتوە.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، ئەم رێكارە لەگەڵ بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا لەبارەی تەوتینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دێتەوەو خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش لە خەزێنەی فیدراڵی و بەپێی یاسای بودجە، گەرەنتی دەكات.
ئەو بە ئاماژەدان بەوەش كە بڕیارەكە دۆسەی داهاتە نانەوتییەكانی وەك گومرگ و باج لەخۆدەگرێت، وتویەتی، بڕیارەكە هەنگاوی یەكەم بۆ یەكلاییكردنەوەی گشتگیرو بەردەوامی پەیوەندییەكانی نێوان بەغداو هەولێر و بنەمای یاسایی بۆ تێپەڕاندنی ناكۆكییەكان دادەنێت، ئەوەش نەك تەنیا لەگەڵ هەرێم بەڵكو لەگەڵ پارێزگاكانی دیكەی عێراقیش.
وتوشیەتی، بڕیارەكە میكانیزمی بەدیلی تێدایە بۆ گەرەنتیكردنی بەردەوامی پابەندییەكان، لەكاتی بونی كۆسپ بۆ هەناردەی نەوتی لەرێگەی بەندەری جەیهانی توركییەوە، ئەو بڕە نەوتەی كە بڕیاری لێدراوە لەلایەن هەرێمەوە رادەستی سۆمۆ دەكرێت بۆ ئەوەی هەوڵ بدات لە دەروازەی دیكەوە هەناردەی بكات.
عەوادی پێشی وایە ئەو بڕیارە هەنگاوێكی بناغەیی گرنگە كە بەشێوەیەكی ئەرێنی رەنگدانەوەی لەسەر سەقامگیریی پەیوەندییەكان و كەمكردنەوەی گرژییە سیاسییە دوبارەكان دەبێت و دەشبێتە مایەی بەدیهێنانی دادپەروەری لە دابەشكردنی سامانەكان بەپێی روانگەیەكی دەستوریی نیشتمانی.