وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دەستی بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایاری 2025 کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان پابەند بووە بە رادەستکردنى نەوتی بەرهەمهێنراوی ئێستای بە کۆمپانیاى سۆمۆ.

وەزارەتەکە رۆژی 22ـی تەممووز لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، خەرجکردنی ئەو شایستە داراییانە لەدوای ئەوە دێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بووە بە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، بە رادەستکردنی ئەو نەوتەی ئێستا لە کێڵگەکانی نەوت بەرهەمدەهێنرێت بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، هەروەها بەردەوامبوونی لە رادەستکردنی بڕی بەرهەمهێنراو تاوەکو دەگاتە ئەو ئاستەی کە لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە.

بەگوێرەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا کە 17ـی تەممووز ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسندیکرد، هەرێمی کوردستان تەواوی نەوتی بەرهەمهێنراوی ئێستا رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات کە بە 230 هەزار بەرمیلی نەوتی رۆژانە مەزەندە کراوە؛ 50 هەزار بەرمیلی دیکەشی بۆ پێویستیی نێوخۆیی و بەرهەمە نەوتییەکان بەکاردەهێنرێت.

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاندووە، کە هەرێمی کوردستان پابەند بووە بە رادەستکردنی گوژمەی یەکەمی داهاتە نانەوتییەکان کە 120 ملیار دینارە.

وەزارەتەکە رایگەیاندووە کە بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی پابەندییە یاسایی و دەستوورییەکانی بەرامبەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر پابەندییەکانی لە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتی و بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی و بڕیارەکەی ئەم دواییەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.