زایەڵە-وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕایگەیاند: کەمی دەردانی ئاو لە وڵاتانی سەرەوە و کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی یەدەگی ئاو.

وەزارەتی سامانە ئاوییەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو وشکەساڵییەی عێراق تووشی دەبێت، دەگەڕێتەوە بۆ کەمی بارانبارین و نەبوونی داهاتی ئاو لە وڵاتانی سەرەوە. وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕوونیکردەوە، ساڵی ئێستا یەکێکە لە وشکترین ساڵەکان لە ساڵی 1933ەوە، و تا ئێستاش ئاماژەی بەوەکردووە، کە تێکڕای داهاتەکانی حەوزی دیجلە و فورات بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو گەیشتووەتە 27%، ئەمە جگە لەوەی کە کۆکردنەوەی ئاو لە بەنداو و خەزانەکان لە ئێستادا 8%ی توانای عەمبارکردن پێکدەهێنێت، واتە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 57% کەمبووەتەوە ساڵ. هەروەها ئەم کەمبوونەوەیە کاریگەری زۆری لەسەر دەستەبەرکردنی پێداویستی ئاو لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و بەتایبەت ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور و هەروەها پێداویستی ئاو بۆ پاراستنی سیستەمی ئیکۆلۆژی لە تاڵاوەکان و ژینگەی شەتولعەرەب کردووە.

لە بەیاننامەکەدا هۆشداری دراوە کە بەردەوامی دابەزینی داهاتی ئاو و نەبوونی هاوکاریی وڵاتانی سەرەوەی ئاو، قەیرانی ئاو گەورەتر دەکات و مەترسی لەسەر ئاسایشی ئاوی وڵات دروست دەکات.

وەزارەتەکە داوای هەوڵی هاوبەشی کرد بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، لەڕێگەی پەیوەندیکردن لەگەڵ وڵاتانی سەرەوە بۆ زیادکردنی دەردانی ئاو، هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو بۆ لابردنی دەستدرێژیکردنە سەر ڕێڕەوی ئاوەکان، و عەقڵانیکردنی بەکارهێنانی ئاو لە ناوچە کشتوکاڵی و پیشەسازی و شارەوانییەکان