زایەڵە - لە سنوری سلێمانی، بۆ هەشتا هەزار فەرمانبەر تەنیا 17 هەزار پارچە زەوی هەیە كە بتوانرێت بەسەر ئەو فەرمانبەرانە دابەشبكرێت.

بەپێی زانیارییەكان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم بە چەند لیستێک ناوی زیاتر لە ۷۰ هەزار فەرمانبەری گەڕاندووەتەوە بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی. بڕیارە لەم ڕۆژانەدا لیستێكی تر بگەڕێتەوەو ژمارەی ئەوانەی بڕیاری وەرگرتنی زەویان لە سنوری شارەوانی سلێمانی بۆ دەردەچێت ببێتە نزیکەی ٨۰ هەزار کەس.

بەپێی رانیاریەکانی زایەڵە، شارەوانی سلێمانی تەنها ۱۷ هەزار زەوی لەبەردەستدایەو پێویستی بە ٦۰ هەزار زەوی تر هەیە، لە نزیک سەنتەری سلێمانی زەوی نییە و تەنها دەتوانرێت لە نزیک عەربەت و نێوان تاسلوجە و پیرەمەگرون زەوی ئیفراز بکرێت.

بەپێی زانیاریەکانی زایەڵە، شارەوانی سلێمانی پێویستی بە ۱۰ تا ۱٥ هەزار دۆنم زەوی هەیە بۆ ئەوەی ٦۰ هەزار زەوی تر بخاتە سەر شارەوانی و ئیفرازی بکات. ئەوەش کاتێکی زۆری دەوێت و دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دوا دەخات.

ئەو زەویانەی بڕیارە ئیفراز بکرێن لە نزیک عەربەت و سنوری نێوان تاسلوجە و پیرەمەگرون زەوی کشتوکاڵین و کارگەی چیمەنتۆو پاڵاوگە دەکەونە نزیک ئەو زەویانە و لەداهاتوو کێشەی ژینگەی دروست دەکات.