زایەڵە - لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە، نەوزادی موهەندیس چاودێری سیاسی ڕایگەیاند، جێگەی داخە لە سەدەی بیست و یەکەمدا کە دروشمە بێ ناوەڕۆکەکانی ئاشتی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە جیهانی سەرمایەداری و تەکنەلۆجیای پێشکەوتودا،گەلێک بەتەواوەتی برسی دەکرێت و لەنان دابرێت بە بەرچاوی هەموو دونیای پێشکەوتوو و دواکەوتوو، دونیای عەرەبی و ئیسلامی و دونیای مەسیحیەتەوە. هەر بۆیە ئەنجام وابڕوات بەدڵنیایی بە فەناچوونی گەلی فەلەستینەی بێ تاوان و بێ پشتوپەنایە.

وتیشی، ئیسرائیل مەبەستی سەرەکی چۆڵکردنی تەواوەتی کەرتی غەزەیە لە دانیشتوانەکەی تا پیلانەکانی خۆی تیادا جێبەجێ بکات بۆ گەیشتن بە کەنارەکانی دەریای سپی و دامەزراندنی بەندەرێکی گەورە بە هاوکاری ئەمریکا وچوونە سەرسنورەکانی میسر و نەهێشتنی حەماس وەک بزوتنەوەیکی فەلەستینی، بەڵام لەک ۆتاییدا تەنها خەڵکە مەدەنی و بێ تاوانەکان دەبنە قوربانی و سووتەمەنی، هەر وەک لە پڕۆسەکانی ئەنفالدا ئەنجام دەدرا دژ بە گەلی کورد لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابووردوودا.

ڕونیشیکردەوە، بەداخەوە وڵاتانی ئیسلامی هەریەکە سەرگەرمی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیانە و گەرەکیانە بە زەلیلیش بێت لە دەسەڵات و کورسی حوکیاندا بمێننەوە. ئەوان بە درێژایی 78ساڵی تەمەنی ئیسڕائیل بۆ یەک جاریش بە ڕاستگۆیانە دژی ئیسرائیل نەوەستاونەتەوە و هەمیشە بەنهێنی پەیوەندیان هەبوە و تەنها بە بەیاندەرکردن و ناڕەزایی نواندن هەڵوێستیان نواندوە. کە ئەوەش وایکردوە کە هیچ کاریگەریەکیان نەبێت لەسەر هەڵوێستی ئیسرائیل.

هێمای بەوەشکرد،ئەمریکا خۆی هاندەر و پشیوانی ئیسڕائیلە بۆ ئەو کارانە و هیچ سەرۆکێکی ئەمریکا ناتوانێت لەبەر فشارەکانی لۆبی سەهیۆنیدا خۆڕاگربێت، هەر بۆیە دروشمەکانی مافی مرۆڤ جگە لە درۆیەکی گەورە بۆ فریودان شێکی تر نیە. هەرێمی کوردستان وڵاتێکی سەربەخۆ نیە تا بتوانێت وەک دوڵەت مامەڵە بکات لە چوارچێوەی یاسانێودەوڵەتیەکاندا، ئەوەی کردویەتی و دەشیکات لە ڕووی مرۆڤایەتی و ئیسلامیەوە ئەنجامی دەدات و وەکو ئەوەی کە هاوکاری و کۆمەکی مرۆیی کۆدەکاتەوە و دەیگەیەنێتە غەزە کارێکی گەوریە و هەرئەوەندەش دەکرێت لەو بارودۆخەدا.