زایەڵە-بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی كارەبا ئاماژە بەوەدەكات، لە ساڵی داهاتووەوە بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا هەزار و 500 مێگاوات كارەبا زیاد دەكات كە ئێستا بڕی چوار هەزار و 300 مێگاواتە، بۆیە لە ساڵی داهاتوو بەرهەمهێنابی كارەبا لە خواست زیاتر دەبێت و دەتوانن كارەبا هەناردەی دەرەوە بكەن.

فارس میرخان، بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند:وەزارەتی كارەبا پڕۆژەیەكی هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای دانەگاز هەیە كە بەگوێرەی پڕۆژەكە، مانگی ئاداری 2026، بڕی 200 ملیۆن پێ سێجای دیكە گاز بەرهەم دەهێنرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو 200 ملیۆن پێ سێجا گازە، لەگەڵ 520 ملیۆن پێ سێجا گازی دیكە كە ئێستا هەیە، بۆ وێستگەكانی كارەبا بەكاردەهێنرێن و هەزار و 500 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد دەكات.

بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی كارەبا ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئێستا لە هەرێمی كوردستان چوارهەزار و 300 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنرێت كە 80٪ـی بەرهەمهێنانەكە لە رێگەی گازەوەیە هاوكات ئێستا كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان، لە رێگەی وەزارەتی كارەباوە، هەزار مێگاوات كارەبا بە عێراق دەفرۆشن كە 'داهاتەكەی بۆ شایستە داراییەكانی كۆمپانیای دانەگاز و وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بەكاردەهێنرێتەوە.