زایەڵە-کاوە عەلی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لەوتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، هەرچەندە قورسە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق فریای پەسەندکردنی یاساکە بکەون ، چونکە کات ئەوەندە نەماوە، بەڵام ئەگەر چووە پەرلەمانی عێراق، ئەوا زۆر گرفت لە یاسای ساڵانی ڕابردوودا هەیە ئەبێت چارەسەر بکرێت و زۆر ماف هەیە تایبەت بە هەرێمی کوردستان ئەبێت بەدەست بهێنرێت و کاری لەسەر بکرێت.
وتیشی، ئەرکی نوێنەرانی کوردە لە پەرلەمان بەهەموو فراکسیۆنەکان بە جددی وەریبگرن ، وە وەزیرەکان لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ، هەروەها هەرێمی کوردستان بیکاتە خەمی خۆی و تەنها بیری لای مووچە نەبێت.
هێمای بەوەشکرد،لەوانە بەهەمیشەیی کردنی گرێبەستەکانی هەرێمە و بەشی هەرێم لە دامەزراندن و ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی ڕابردوو لە پلە بەرزکردنەوە و دەسخستنی بودجەی پەرەپێدان و وەبەرھێنان و بەشە قەرزی نێودەوڵەتی و پشکی لە سندوقەکانی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە و ناوچە زیانلێکەوتوەکان و قەرەبووی جینۆساید و هەڵەبجە کە بە یاسا چەسپاوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لەم بابەتەی سەرەوە پێویستە هەموو ناکۆکییەکان وەلا بخرێت و وەک یەک تیم کاری لەسەر بکرێت و ئامادەکاری لە ئێستاوە زەرورە بکرێت بە نوسراو لە پەرلەمانی عیراق و لە هەرێمەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق.