زایەڵە - رێكارەكانی پێدانی زەوی لە سلێمانی خێراتردەكرێن و شارەوانیی سلێمانی وردەكارییەكەی دەخاتەڕوو.
بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئاماژە بە بڕیاری سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 2620 كە لە 21ی حوزەیرانی ئەمساڵ و بڕیاری ئەنجومەنی شارەوانی تایبەت بە دابەشكردنی زەوی ئەمڕۆ 12 بڕیار و نووسراوی دیكەی سەرۆكایەتیمان ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی تۆماركردنی خانووبەرە كران بەمەبەستی تەواوكردنی كاری تۆماركردنی جیاكردنەوە و رێكارەكان تاوەكو بتوانرێت لە ئاییندەیەكی نزیكدا مامەڵەكانی دابەشكردنی زەوییەكەیان و بەناوكردنیان بۆ تەواوبكرێت.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، داواكارین لەو بەڕێزانەی كە سوودمەندبوون لەو بڕیارەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران سەردانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی بەشی موڵكایەتی زەوی و زار بكەن.
ئەوەشخراوەتەڕوو ، تاوەكو ئێستا 22 بڕیار نێردراوە بۆ جێبەجێكردنی كاری جیاكردنەوە و ژمارەیەكی زۆر كەم ماون لە بڕیارەكان و چاوەڕێی تەواوكردنی رێكارە هونەری و یاساییەكانین لە فەرمانگە پەیوەندیدارەكان تاوەكو لە نزیكترین كاتدا هەوڵبدرێت كاری لەسەربكرێت و تەواوبكرێت.