زایەڵە - بەهۆی وشک بوون و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو و بیرەکانی سلێمانی و دەوروبەری، شاری سلێمانی دووچاری کەمئاوی بووەتەوەو هەردوو هێڵی یەک و دووی «دوکان- سلێمانی» توانای دابین کردنی ئاوی شاری سلێمانی و دەوروبەری نەماوە. کێشەی کەمئاوی بەرۆکی چەند گەڕەکێکی سلێمانی و دەوروبەری گرتووەتەوە.

لە ئێستادا ڕۆژانە هەردوو هێڵی یەک و دووی «دوکان- سلێمانی» توانای دابینکردنی ۲٥۰ تا ۲٨۰ هەزار مەتر سێجا ئاویان لە ڕۆژێکدا هەیە بۆ سلێمانی و چەمچەماڵ و بازیان. لە کاتێکدا تەنها سلێمانی و  دەوروبەری پێویستی بە نیو ملیۆن مەتر سێجا ئاو هەیە لە ڕۆژێکدا.

لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە چەند بیرو شەمعەیەکی ئاو لەوانە شەمعەی شێرکوژ پێدانی ئاویان بەتانکەر بۆ پڕۆژەکانی نیستەجێبوون ڕاگرت. چونکە ئاوی شەمعەو بیرەکان بەڕاددەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.

کەمئاوی سلێمانی بەڕادەیەکە ناتوانرێت تۆڕی ئاو بۆ ئەو گەڕەک و زەوییە ئیفرازکراوانە ڕابکێشرێت کە دوای ساڵی ۲۰۱۲ دروستبوون و ئیفراز کراون.

بۆ چارەسەری کەمئاوی سلێمانی پلانی پڕۆژەی هێڵی سێی «دوکان- سلێمانی» هەیە، بەڵام پێویستی بە نزیکەی ۲٥۰ ملیۆن دۆلار زیاترە و بەهۆی نەبوونی بودجە تا ئێستا تەنها وەک پلان ماوەتەوەو نەچووەتە بواری جێبەجێکردن.