زایەڵە- لەوتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە د،شەماڵ ئەحمەد مامۆستای زانکۆ ڕایگەیاند، چەندین ساڵە تورکیا کار دەکات بەئامانجی دروستکردنی بەنداو لەسەر هەردوو ڕوباری دیجلە وفورات، کە ئەو دوو ڕووبارە دوانەیەکن کە دەکەوێتە تورکیاوە هەڵدەقوڵێت و دەڕژێنە عێراق و سوریا. تورکیا وەکو وڵاتێک لە ناوچەکەدا لەسامانی سروشتی ژێر زەوی وەکو نەوت و غاز، بێبەشە، بەڵام لەهەمانکاتدا پێگەیەکی جیۆسیاسی ستراتیژی هەیە بەسەر ناوچەکەدا، هەروەها لەڕێگای سوود وەرگرتن لە پەیوندییە فراوان و قووڵەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و ئیسڕائیل، توانیویەتی بەشێوەیەکی چالاک و کاریگەر سوود لەوپێگە جوکرافیایە وەربگرێت،ئامانجەکانی تورکیا جگەلەبەدەستهێنانی سەرچاوەی وزە، بەستنەوەی بەرژەوەندییەکانیەتی بە شێوەیەک کە لەداهاتوودا توانای ئەوپەڕی فشاری هەبێت لەسەر سیاسەتی ناوخۆی ئەم وڵاتانە.
وتیشی، لەبەرامبەردا عێراق و سوریا ناتوانن فشارێکی ئەوتۆ بکەن، چونکە دوووڵاتن کە سەقامگیری ناوخۆیان نییە، هەروەها بڕیاری سیاسی تیایاندا یەکگرتوو نییە و دواتر ئەو دوو ڕوبارەش دوو ڕوباری نێودەوڵەتی نین تاوەکو بکەونە ژێرحوکمەکانی یاسا نێو دەوڵەتییەکانەوە، تاکە ڕێگا لەبەردەم عێراق و سوریا بریتییە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کە ئەویش بڕیارەکانی تەنیا ڕاوێژکاری دەبێت، بەردەوام بوونی ئەم قەیرانەش کارەساتی ژینگەیی و مرۆیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت بۆ ناوچەکە.