زایەڵە - عادل عەبدولقادر چاودێری سیاسی لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، تورکیا ئاو وەک چەکێکی بێدەنگ بۆ هەڵوەشاندنەوەی عێراق بەکاردەهێنێت، لەڕووی ئابووری و ژینگەییەوە.

 عادل عەبدولقادر وێڕای ئاماژە بەوەی کە حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر بەدەست  قەیرانەکانەوە دەناڵێنن، وتی: درێژەدان بە قەیرانەکان مەترسی لەسەر داهاتووی عێراق وەک دەوڵەتێکی زیندوو دروست دەکات و کوردستان دەخاتە مەترسیی ژینگەیی وجودییەوە. یەکەم  تورکیا پرسی ئاو لە ڕوانگەی مرۆیی یان ژینگەییەوە مامەڵە ناکات، بەڵکو وەک کارتێکی فشاری سیاسی و ستراتیجی.

ناوبراو سەبارەت بە ئامانجەکانی تورکیا ڕایگەیاند: دیارترین ئامانجەکانی تورکیا لە کەمکردنەوەی ڕێژەی ئاوی عێراق بریتین لە هەژموونی ناوچەیی و کۆنتڕۆڵکردنی ئاو دەسەڵاتی دانوستان بە تورکیا دەبەخشێت لەسەر پرسەکانی ئەمنی و ئابووری و وزە، جا لە بەرامبەر عێراق بێت یان سوریا.

زیاتر وتی: پاڵپشتیکردنی ئابووری و کشتوکاڵی تورکیا لەسەر حیسابی دراوسێکانی و پڕۆژەکانی وەک بەنداوی ئیلیسو کە بەشێکە لە پڕۆژەی گەورەی GAP، ئامانجیان ئاودێریکردنی ناوچە بەرفراوانەکانی باشووری تورکیایە، بەبێ ڕەچاوکردنی پشکی وڵاتانی دراوسێ. کەمی ئاو بە واتای تێکچوونی زیاتری کشتوکاڵ و کۆچی ناوخۆیی و هەژاری و ململانێ دێت، ئەمەش خزمەت بە بەرژەوەندی تورکیا دەکات لە هێشتنەوەی عێراق لە پێگەی لاوازیدا. ئاو وەکو موزایەدەیەک بۆ  بەغدا و هەولێر لە بابەتگەلێکی وەک بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و بازرگانی وزە و بوونی سەربازی تورکیا لە باکوری عێراق بەکاردەهێنرێت.

ڕونیشیکردەوە: لاوازی سەروەری و وابەستەیی سیاسی، حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا بەدەست پرۆسەی بڕیاردانی سیاسی دابەشکراو و دڵسۆزی، ناکۆکییەوە دەناڵێنێت، ئەمەش پێگەی لە دانوستانەکانی لەگەڵ تورکیا لاواز دەکات. گەندەڵی و پشتگوێخستنی دامەزراوەیی و نەبوونی ئیرادەی سیاسی جددی و نەبوونی وەزارەتی ئاوی کاریگەر کە دیدێکی ستراتیژی هەبێت، کێشەکە گەورەتر دەکات.

ناوبراو لەبارەی هۆکاری بێدەنگی هەرێم لە بەرانبەر سیاسەتی ئاویی تورکیا وتی: بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ تورکیا  بەتایبەت کە هەرێمی کوردستان پەیوەندی قووڵی بازرگانی و ئابووری لەگەڵ تورکیا (نەوت، بازرگانی) هەیە، ئەمەش ڕێگە بە هەولێر دەدات خۆی لە هەڵکشان لەگەڵ ئەنقەرە بەدوور بگرێت.

وتیشی: بەنێودەوڵەتی نەکردنی پرسەکە سەرەڕای سەختی قەیرانەکە، فشارە یاساییە نێودەوڵەتییەکان (وەک ڕێککەوتنەکانی ئاوی هێلسنکی) لە دژی تورکیا بەکارنەهێنراوە، ڕەنگە لە ترسی پەرەسەندن یان بەهۆی لاوازی تۆماری تەکنیکی و یاسایی عێراقەوە.

هێمای بەوەشکرد: وشککردنی ڕووبارەکان و بەبیابانکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان و دابەزینی ئاستی ئاوی دیجلە و فورات و لقەکانیان بووەتە هۆی وشکبوونەوەی هەزاران دۆنم زەوی بە تایبەت لە نەینەوا و کەرکوک و هەولێر و دهۆک. تێکدانی ئاسایشی خۆراک و دابەزینی بەرهەمی کشتوکاڵی و لەدەستدانی سەرچاوەی ئاودێری بەردەوام وایکردووە عێراق ببێتە هاوردەکارێکی مەترسیداری خۆراک، لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخەکان و داڕمانی کشتوکاڵی ناوخۆیی. لە ناوچوونی جۆراوجۆری زیندوووشکبوونەوەی چاڵاو و ئاوەکان بووەتە هۆی لەناوچوونی جۆرەکانی ماسی و باڵندە و ڕووەک و کاریگەری زۆری لەسەر ژینگەی کوردستان دروستکردووە کە دەوڵەمەندە بە دارستان و کانیاو و ڕووبارەکان.

سەبارەت بە کاریگەریی کەم ئاوی لە سەر ژیانی دانیشتوانی ناوچەکە، وتی: ئاوارەبوونی دانیشتوانی گوندە کشتوکاڵییەکان بەهۆی لەدەستدانی بژێوی ژیانیانەوە هەزاران خێزان ئاوارەبوون و کۆچی ناوخۆیی بۆ شارەکان و دروستکردنی قەیرانی کۆمەڵایەتی و ئابووریی لێکەوتەوە. هەڕەشەکان بۆ سەر ئاشتی مەدەنی و ململانێ لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی نێوان هەرێمەکان، و لەنێوان هۆز و جووتیاران، دەستیکردووە بە سەرهەڵدان و ئەگەری چارەسەرنەکردنی قەیرانەکە ڕەنگە پەرەبستێنێت.