هه‌ردو وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق و هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به ‌بڕینه‌وه‌ی داری دارستانه‌ خۆرسكه‌كانی سنوری  بادینان له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك كۆمپانیای توركیه‌وه‌ راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه‌ و جەختیان لە سەر ئەوە کردەوە، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ نه‌ك هه‌ر دوژمنكارییه‌ به‌رامبه‌ر سروشت و ژینگه‌ی عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌ڵكو كارێكی دوژمنكارانه‌یه‌ دژ به‌ مرۆڤایه‌تی.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، له‌راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شدا، هه‌ردو وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان رایانگه‌یاند، "ماوه‌یه‌كه‌ وه‌ك له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كان ئاماژه‌ی پێده‌درێت و ده‌بینین و ده‌بیستین ژماره‌یه‌ك كۆمپانیای توركی به‌هاوكاری سوپای توركیا كه‌وتونه‌ته‌ بڕینه‌وه‌ی داری دارستانه‌ خۆڕسكه‌كانی سنوری بادینان له‌ باكوری هه‌رێمی كوردستانی عێراق و گواستنه‌وه‌ی ئه‌و دارانه‌ بۆ ناوخۆی توركیا و بازرگانی پێوه‌كردنیان".
ئه‌وه‌شیان خسته‌ڕو، "ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ ناشارستانیه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نین، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ نه‌ك هه‌ر دوژمنكارییه‌ به‌رامبه‌ر سروشت و ژینگه‌ی عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌ڵكو كارێكی دوژمنكارانه‌یه‌ دژ به‌ مرۆڤایه‌تی و ژینگه‌ی ته‌واوی ناوچه‌كه‌ و هه‌مو جیهان له‌به‌رئه‌وه‌ی ژینگه‌ سنوری نیه‌."
ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد، داوا له‌ حكومه‌تی توركیا ده‌كه‌ن ئه‌و كاره‌ ڕابگرێت، له‌هه‌مانكاتدا داوا له‌ هه‌ردو حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، به‌جدی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و بابه‌ته‌ وڵامیان هه‌بێت و له‌هه‌مانكاتدا داوا له‌رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و نوێنه‌ری وڵاتان و ڕێكخراوه‌نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ده‌كه‌ن، هاوكاریان بن بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كاره‌ نامرۆڤانه‌یه‌ كه‌ دژ به‌ژینگه‌یه‌ و پێویسته‌ هه‌وڵی بنبڕكردنی بدرێت.