زایەڵە - سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاشکرایدەکات، دانوستانەكان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێی جەیهانەوە قۆناغی زۆرپێشكەوتویان بڕیووە، بەڵام هێشتا ئەو پرسە یەکلای نەکراوەتەوە. 

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی رایگەیاندووە''كاركردن بۆ پرۆسەی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت بۆ بەندەری جەیهانی توركی بە تەواوی یەكلانەبووەتەوە، بەڵام  دانوستانەكان قۆناغی زۆر پێشكەوتویان بڕیووە، تەنها چەند وردەکارییەکی بچووک ماوە.''

 ئاماژەی بەوەشکردووە، لەم ماوەیەشدا لێکتێگەیشتنە تەکنیکی و لۆجستیەكانی پەیوەست بەهەناردەکردن تەواو دەبن. 

هاوكات كۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی نیشتمانی (سۆمۆ) دووپاتی کردەوەتەوە، لە ڕووی تەکنیکی و لۆجستییەوە ئامادەیە کارەکانی هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە لە كاتی رێککەوتندا، وەزیری نەوتی عێراقیش ئەو لێدوانانەی پشتڕاستکردوەتەوە و ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەناردەی نەوت دەستپێدەکاتەوە.