زایەڵە - بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێم ئاماژەبەوەدەكات، پێشبینی دەكەین كە لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە چوار ملیۆن و 500 هەزار ئاژەڵی بچووك و نزیكەی 250 هەزار ئاژەڵی گەورەمان هەبێت

فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند: وشكەساڵی كاریگەری هەبووە لەسەر سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی كوردستان، هەر بەوهۆیەشەوە بە بە خەمڵاندنی ئێمە لە هەرێمی كوردستان پێدەچێت لە%25 ڕێژەی ئاژەڵ كەمبووبێتەوە. 

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ڕابردوودا جگە لە وشكەساڵی، هەرزانبوونی نرخی گۆشت و دامەزراند هەبوو، كاریگەری هەبوو كە خەڵكی واز لە پیشەی ئاژەڵداری بێنێت، بەڵام لەگەڵ نەبوونی دامەزراندن و بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت لە ئاستی جیهان، وای كرد خەڵكێكی زۆر ڕوو لە پیشەی ئاژەڵداری بكاتەوە. 

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كشتوكاڵ ئەوەشی وتووە، لەساڵی 2019 ئێمە تەنیا 65 پڕۆژەی قەڵەوكردنی گۆلكمان هەبوو بە وزەی 20 هەزار سەر، بەڵام ئێستا ژمارەی پڕۆژەكانی قەڵەوكردنی گۆلك 105 پڕۆژەیە و وزەی ئەم پڕۆژانەش 98 هەزار سەرە، واتا ئەگەر سەیری وزەی بەرهەمهێنان بكەین لە 20 هەزارەوە بۆ 98هەزارسەرە،ئەتوانین بڵێین؛ سەدا 350 وزەی بەرهەمهێنان زیادی كردووە، هاوكات پێشبینی دەكەین لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە چوار ملیۆن و 500 هەزار ئاژەڵی بچووك و نزیكەی 250 هەزار ئاژەڵی گەورەمان هەبێت.