زایەڵە - لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە، عوسمان گوڵپی چاودێری سیاسی ڕایگەیاند: حکومەتی عێراق هەموو کارەکانی یەکێتی و پارتی وەك خۆی جێ بەجێ دەکات، کۆمپانیاکانیان لە بەسرەو موسل و بەغداد و سەرجەم پارێزگاکان سودمەندی گەورەن لە وەبەرهێنان و یەك گرفتیان بۆدروست ناکرێ.
وتیشی: کۆمپانیای موشتەرەکیان هەیە و لەگەل بەرپرسانی هەرێم شەوڕۆژ سەرقاڵی زیادکردنی پشکەکانیانن، سودانی و حکومەتەکەی ئەوانەی پێشتریش، بە جۆرێ لەگەڵ دەسەڵات دلئاوا و خۆشخوانن کە ئەمرۆ وەزیرێك یان جێگر وەزیرێكی یەکێتی و پارتی ئیستیقالە بکات سبەینێ واژۆی دەستبەکار بونی یەکێکیتریان بۆ دەکەن.
لەمبارەیەوە زیاتر، وتی: لە دوو ڕۆژی ڕابردوو لیستێك ناوی یەکێتی و پارتیان نارد بۆ عێراق، وەك باڵیۆز و نوێنەرایەتی عێراق لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران تێپەڕین و واژۆ کران و ئیستا دەستبەکار بوون و کەسیش باسی بونی هیچ گرفتێکی نەکرد، یەك بەرژەوەندی مادی کۆمپانیاکانیان نیە لە بەغداد وەستابێ! یەك وەزیر و بەرپرسی یەکێتی و پارتی نیە کاری لەبەر نەروا و دووچاری گرفت بوبێ لە حکومەتی سودانیدا.
ئەم چاودیرە ئاماژەی بەوەش کرد: حکومەتی بەغداد بە ئەندازەی دڵئاوایی و دۆستایەتیان بۆ یەکێتی و پارتی دژی خەلکی کوردستانن، ئامادەن هەموو شتێك بۆ یەکێتی و پارتی بکەن و کاریان نەوەستێ بەڵام بۆ قوتی خەلك مووچەی خەلك سەد بڕیاری دادگا هەبێت و دوو هەزار رێککەوتن هەبێت بەفلسێك.
عوسمان گوڵپی جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە: بەڵێ عێراق درۆ دەکات، ئەگەرنا کەم نین ئەو دەرگایانەی فشارن لەسەر یەکێتی و پارتی، بەڵام دەستیان بۆ نابەن و تەنها بۆ مووچەی فەرمانبەر کێشەن.
ئەوەشی خستەڕوو: بۆچی حکومەتی عێراقی نازانێ چەند کۆمپانیای زەبەلاحی ئەم دەسەڵاتە لە سەرۆك کۆمارەوە تا خوارەوە و بەرپرسانی هەردوو حیزب لە پارێزگاکانیان سودمەندی ملیۆنان دۆلارن؟ بۆ گرفتێك بۆ کۆمپانیاکانیان دروست ناکەن لە بەرامبەر نەناردنی داهاتی ناوخۆی هەرێمدا؟ بۆ گرفتێك بۆ سەفیر و نوێنەرەکانیان دروستناکەن لەسەر ئەو هەموو گرفتە؟ بە پێچەوانەوە هەر بەرژەوەندیەکیان گرفتی بۆ بێتە پێش لە کەمترین ماوەدا چارەسەریان بۆ دەکەن. بەرپرسانی عێراق زۆر باش دەزانن چۆن دەست بخەنە قورگی کۆمپانیاکانیان بەڵام نایکەن! دێن و دەست دەخەنە قورگی مووچەخۆری مافخوراوەوە، ئەوان مناڵەکانیان شەریکی مناڵەکانی ئەمانن، بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە! لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان و منداڵەکانیان لە دەیان ڕوەوە شەریکی یەکترن و یەکتر دەپارێزن و یەکتر دەوڵەمەندتر دەکەن .
هێمای بەوەشکرد،کورت و پوخت حکومەتی عێراقی دەست بۆ بەرژەوەندیە مادی و ئیداریەکانی پارتی و یەکێتی نابات و ڕۆژبەڕۆژ زیاترلەگەڵیان ڕۆدەچنەنێو بەرژەوەندی زیاترەوە، کەچی بۆ قوتی خەڵك ناکۆک و نارێک و ناتەبان.