وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێكی دەربارەی ڕووداوەكەی دوێنێ ناوچەی مەتینا بڵاوكردەوە كە ژمارەیەك پێشمەرگەی تێدا بوونە قوربانی.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، وتەبێژی بەرهەم ساڵح ڕاشیگەیاند بوونی سەربازیی پەكەكە لە نێو خاكی عێراق و لە نێویشیاندا هەرێمی كوردستان، نایاساییە و دەبێت سنوورێك بۆ ئەو پێشێلكارییانە دابنرێن كە سەقامگیری و ئاسایشی عێراق تێكدەدەن، چونكە دەستووری عێراق ڕێگە نادات بەوەی خاكەكەی بكرێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ دراوسێكانی.
وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆمار جەخت دەكاتەوە كە دەبێت توركیا هێزەكانی لە هەرێمی كوردستان و موسڵ بكێشێتەوە و بوونی ئەو هێزانەش بە پێشێلكردنی سەروەری و بنەمای دراوسێباشیی و سەرپێچیكردنی بەڵێننامە نێودەوڵەتییەكان وەسف دەكات.
هاوكات ڕاشگەیاند هێرشەكەی ئەمدواییەی توركیا بۆ سەر كەمپی مەخمور پەرەسەندنێكی مەترسیدارە و ژیانی مەدەنییەكان لە نێویشیاندا پەنابەران دەخاتە مەترسییەوە، ئەوەش پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەكانە.
دەقی راگەیەندراوەکە:
سەرۆکایەتی کۆمار بەنیگەرانییەوە چاودێری پێشھاتە نەخوازراوەکانی ھەرێمی کوردستان دەکات و سەرکۆنەی ئەو ھێرشانە دەکات، کە رۆژی شەممە ٥ ی حوزیران، کرانە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە، لەناوچەی ئامێدی پارێزگای دھۆک و لە ئاکامدا چەند شەھید و بریندارێکی ھێزەکانی پێشمەرگەی لێکەوتەوە.
وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار، جەختدەکاتەوە کە پێویستە ئەو رووداوە ئازاربەخشانە بەکۆتابێن. بوونی ھێزی چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان لەناو خاکی عێراق و ھەرێمی کوردستان نایاساییە و پێویستە سنوورێک بۆ ئەو دەسدرێژیانە دابنرێت کە مەترسی بۆ ئەمنی هاووڵاتییان و ئاسایشی عێراق دروست دەکات. دەستوور رێگرە رێگەنادات خاکی عێراق ببێتە سەرچاوەی ھەڕەشە بۆسەر دراوسێکان.
وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار، پێداگری دەکات لەسەر، بنەبڕکردنی ھەموو ئەو زیادەڕۆییانە و پێشێلکردنی سەروەری عێراق دەکەن، لەم رووەوە کشانەوەی ھێزەکانی تورکیا لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و موسڵ بە پێویست دەزانێت، چونکە بوونی ئەو ھێزانە پێچەوانەی ھاوسێیەتی باش دەکات و رێککەوتنامە نێودەوڵەتییەکانیشە، ھەروەها ھێرشکردنە سەر ناوچەکانی کامپی مەخمور مەترسیدارە بۆ ژیانی هاووڵاتیان و ئاوارەکان، و ناکۆکیشە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکان.
سەرۆکایەتی کۆمار، بایەخی بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ تورکیای دراوسێمان دووپاتدەکاتەوە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش، کە پێویستە چارەسەری کێشەکانی سنوور و دۆسیەی ئەمنی لەنێوان ھەردوو وڵات، بەرێگای ھەماھەنگی و لەیەکتری تێگەیشتن بێت و رەچاوی رێزگرتن لە سەروەری و دوور لە کاری یەکلایەنە. لەم پێوەدانگەوە عێراق دووپاتیدەکاتەوە کە نابێت ببێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانی دەرەوە، ھەروەک چۆن رێگەنادات خاکەکەی بکرێتە مۆڵگەی پەلاماردانی ھیچ کەس و لایەنێک.