وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ڵامی لێدوانێكی ئیحسان وه‌زیری نه‌وتی عێراقی دایه‌وه‌ و رایگه‌یاند، به‌هۆی كێشه‌ و ئاسته‌نگه‌كانی به‌غداوه‌، نرخی نه‌وتی هه‌رێم كه‌متره‌ له‌ نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیهان، داوای راده‌ستكردنی نه‌وتیش، داوایه‌كی ناده‌ستوریه‌.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كانی هەرێمی کوردستان له‌رونكردنه‌وه‌یه‌كدا بڵاوی كرده‌وه‌، ئیحسان عه‌بدولجه‌بار وه‌زیری نه‌وتی عێراق له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا ئاماژه‌ی به‌ چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان كردبو، یه‌كه‌میان، تێچوی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وته‌ كه‌ له‌ كوردستان به‌رزه‌ و نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان به‌  10 دۆلار كه‌متر له‌ نرخی نه‌وتی خاوی عێراق ده‌فرۆشرێت، بێگومان ئه‌مه‌ چه‌ند هۆكارێكی هه‌یه‌، له‌وانه‌ پێكهاته‌ و سروشتی ئاڵۆزی كێڵگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ تێچوی ده‌رهێنانی زیاتر بێت له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی عێراق، سه‌باره‌ت به‌ نرخه‌كه‌شی  به‌داخه‌وه‌ به‌ هۆی ئه‌و كێشه‌ و ئاسته‌نگانه‌ی له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵی و كۆمپانیای سۆمۆوه‌ بۆ نه‌وتی هه‌رێم دروستده‌كرێت، نرخی نه‌وتی هه‌رێم كه‌متره‌ له‌ نرخی بازاڕه‌كانی جیهان.
هه‌ر له‌و رونكردنه‌وه‌یه‌دا وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان رایگه‌یاند: له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا وه‌زیری نه‌وتی فیدراڵ، داوای ئه‌وه‌ ده‌كات دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێم ڕاده‌ستی سۆمۆ بكرێت و به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌ركه‌زی به‌ڕێوه‌ببرێت، له‌ كاتێكدا به‌ پێی ده‌ستور، عێراق ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵییه‌ و مه‌ركه‌زیی نییه‌، به‌پێی ده‌ستوریش، هه‌رێمی كوردستان مافی ده‌رهێنان و فرۆشتنی نه‌وتی هه‌یه‌، بۆیه‌ داوای ڕاده‌ستكردنی دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێم، داوایه‌كی نا ده‌ستورییه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتدا  ئێمه‌ ئاماده‌یی خۆمان ده‌ربڕیوه‌ بۆئه‌وه‌ی داهاتی 250 هه‌زار به‌رمیلی ڕۆژانه‌ ڕاده‌ستی حكومه‌تی فیدراڵی بكه‌ین له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی ماف و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم دابین بكه‌ن، هه‌میشه‌ ئاماده‌شین كێشه‌كانی نێوانمان به‌ پێی ده‌ستور چاره‌سه‌ر بكه‌ین و بگه‌ینه‌ ڕێككه‌وتنێكی هاوبه‌ش كه‌ له‌ به‌رژوه‌وه‌ندی هه‌مو هاوڵاتییانی عێراقدا بێت.
هه‌ر به‌گوێره‌ی رونكردنه‌وه‌كه‌، سه‌باره‌ت به‌ پابه‌ندبون به‌ بڕیاره‌كانی ئۆپێك، هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندبوه‌ به‌و بڕه‌ی بۆی دیاریكراوه‌ كه‌ 430 هه‌زار به‌رمیلی ڕۆژانه‌یه‌، له‌ كاتێكدا هه‌رێم ته‌نها نزیكه‌ی 25.000 (بیست و پێنج) هه‌زار به‌رمیلی بۆ به‌كارهێنانی ناوخۆیی داناوه‌، به‌ڵام حكومه‌تی فیدراڵی یه‌ك ملیۆن به‌رمیلی بۆ به‌كارهێنانی ناوخۆییه‌.
وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، به‌پێی ڕێژه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی فیدراڵی بێت كه‌ 12.67% ده‌بوایه‌ هه‌رێم زیاتر له‌ 600.000 (شه‌شسه‌ت هه‌زار) به‌رمیل به‌رهه‌مبهێنێت له‌ كۆی پێنج ملیۆن به‌رمیلی به‌رهه‌می عێراق، به‌ڵام هه‌رێم ته‌نها 450.000 (چوارسه‌د و په‌نجا هه‌زار) به‌رمیل به‌رهه‌مده‌هێنێت، واته‌ هه‌رێمی كوردستان زۆر له‌ به‌شی خۆی كه‌متر به‌رهه‌مده‌هێنێت، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌ به‌شی خۆی زیاتر نه‌وتی به‌رهه‌می هێناوه‌ حكومه‌تی عێراقه‌ نه‌ك هه‌رێم، هه‌ربۆیه‌ ده‌بێت حكومه‌تی عێراق به‌رهه‌می خۆی كه‌مبكاته‌وه‌ نه‌ك ئه‌و داوایه‌ له‌ هه‌رێم بكات، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌شداری له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مێنان، 30.000 (سی هه‌زار) به‌رمیلی له‌ به‌رهه‌مهێنانی خۆی كه‌مكردوه‌ته‌وه‌.
هه‌ر له‌ رونكردنه‌وه‌كه‌دا وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان ئاشكرای كردوه‌، وه‌زیری نه‌وتی فیدراڵی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه‌ كه‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك سه‌ر به‌ به‌غدان، له‌ كاتێكدا ئاشكرایه‌ كه‌ كه‌ركوك به‌ پێی ده‌ستور، ناوچه‌یه‌كی كێشه‌ له‌سه‌ره‌ و پێویسته‌ به‌ پێی مادده‌ی 140 خاوه‌ندارێتی ئه‌و ناوچانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.
وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان جه‌ختی كردوه‌ته‌وه‌، "له‌ كۆتاییدا جارێكی دیكه‌ش ئاماده‌یی خۆمان بۆ چاره‌سه‌ركردنی بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به‌ دۆسیه‌ی نه‌وت ده‌رده‌بڕین به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردولاماندا بێت".
کۆتایی/.