وەفدی یەكێتی لە بەغدا بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی ئەو حزبە لەگەڵ ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لەعێراق كۆبوەوە و بافڵ تاڵەبانی جەختی لە پەرەپێدان و فراوانكردنی پەیوەندییە دۆستانەكانی یەكێتی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران كردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە لە راگەیەندراوێكی نوسینگەی هاوسەرۆكی یەكێتی، ئەمڕۆ دوشەممە، لەدرێژەی دیدار و چالاکییە سیاسی و دیپلۆماسییەکاندا لە بەغدا، وەفدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی پێشوازیانکرد لە ئیرەج مسجدی، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق.
لەدیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانەوە کرا و ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، روبەڕوبونەوەی پاشماوەکانی داعش و پەیوەندییەکانی ھەرێم و عێراق تاوتوێکران.
بافڵ تاڵەبانی هەڵوێستی یەکێتی رونکردەوە و وتی، لەبەرامبەر ھەمو پێشھاتەکان یەکێتی لەگەڵ تێگەیشتن و گفتوگۆی بونیادنەرانەی نیشتمانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم و عێراقە و دەمانەوێت متمانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی و نیشتمانی بونیادبنێینەوە و دەستور مەرجەع بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
ھەر لەدیدارەکدا بافڵ تاڵەبانی جەختی لە پەرەپێدان و فراوانکردنی پەیوەندییە دۆستانەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران کردەوە لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و خزمەتکردنی گشتی.
لەبارەی پاراستنی سنورەکان و روبەڕوبونەوەی پاشماوەکانی داعش و ھەماھەنگییە سەربازییەکان لەنێوان ھەردولا، ھاوسەرۆکی یەكێتی ستراتیژی روبەڕوبونەوەی مەترسییەکانی خستەڕو و ئاماژەی بە گرنگی بەردەوامی ھەماھەنگییەکان کرد بۆ زاڵبون بەسەر بۆشاییە ئەمنییەکان و پاراستنی ئاسایش و ئارامی.
هەروەها سوپاسی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشی کرد کە لە جەنگی روبەڕوبونەوەی داعش ھاوکاری ھەرێم بون و رۆڵی گرنگیان گێڕا لە بەرقەرارکردنی سەقامگیری لە ناوچەکە.