ئەمڕۆ (8ی حوزەیران) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بەیاوەری بەڕێوەبەرە گشتیەكانی كشتوكاڵ و گەشتوگوزاری گەرمیان و بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و بەڕێوەبەری ناحیەی مەیدان، بۆ ئاگاداربوون لە ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان و كاریگەرییەكانی وشكەساڵی لەسەری، سەردانی بەنداوی دەربەندیخانی كرد و بە ئامادبەوونی قایمقامی قەزای دەربەندیخان لەگەڵ بەڕێوەبەری بەنداوەكە كۆبوەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان باسی لەكاریگەریە نەرێنیەكانی وشكەساڵی لە سنوری ئیدارەی گەرمیان و پلانەكانی حكومەتی هەرێم بۆ روبەروبونەوەی كرد و ئەوەشی خستەڕوو، روباری سیروان وەك سەرچاوەیەكی گەروە و پڕبایەخی ئاو لە گەرمیان، لە ئێستادا كەمی كردووە بۆیە ناوچەكە لەرووی ئاوی خواردنەوەی شارەكان بەتایبەت كەلار و خانەقین و گوندنشینان و ئاوی باخ و بەرهەمی كشتوكاڵی و ئاوی ئاژەڵ روبەروی كێشە دەبێتەوە.
وتیشی، ئەمڕۆ سەردانمان بۆ بەنداوی دەربەندیخان ئەنجامداوە بە ئامانجی ئاگاداربوون لە ئاستی ئاوی بەنداوەكە و زانیاری لەسەر ئەو بڕە ئاوەی بۆ پێویستی گەرمیان رۆژانە بەردەدرێتەوە، ئەوەش لەپێناو رێكخستنەوەی دابەشەكردنی ئاو و دانانی پلان لەلایەن ئیدارەی گەرمیانەوە بۆ بەكارهێنانی ئاوی سیروان بەجۆرێك پێداویستیەكانی پێ پڕبكرێتەوە و رێگری لە بەفیڕۆدانی ئاو بكرێت.
لای خۆیەوە، رەحمان خانی بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان تیشكی خستەسەر، كاریگەرییەكانی ووشكەساڵی لەسەر دابەزینی ئاستی ئاوی دەربەندیخان دواتر دڵنیاییدا لەوەی بەپێی بەرنامەی كار و پلانیان، ئاوی بەنداوەكە بەردەدەنەوە.
ووتیشی، بەپێی پلانەكەمان لە لەسەرەتای ئەم مانەگەوە تاكو مانگی (11) رۆژانە ئاوی بەنداوەكە بەردەدرێتەوە و ئەوەش وادەكات ئاوی پێویست بۆ خواردنەوە و باخەكانی كشتوكاڵی بگاتە ناوچە جیاوازەكان بۆ دوای ئەو ماوەیەش بەرنامەی تریان دەبێت.
هاوكات، لە كۆبوونەوەكە جەختیشكرایەوە لە هاوكاری و هەماهەنگی هەردولا بۆ روبەروبونەوەی ووشكەساڵی و كاركردن لەسەر بەرنامەكانی حكومەتی هەرێم بۆ ئەو مەبەستە.
کامەران کەریم