باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق  ڕایگەیاند کە ڤیزای نێوان دوو وڵات بە یەکجاری نامێنێت و ئەوەش هەمیشەیی و گشتگیر دەبێت.
بە پێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ئیرەج مەسجدی ئاشکرای کرد کە ئێران یاداشتێكی فەرمی ئاڕاستەی حکوومەتی عێراق كردووە و چاوەڕوانی ڕەزامەندیی بەغدا دەكەن بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ڤیزەی نێوان دوو وڵات.
مەسجدی ئاماژەی بەوەش دا کە بابەتی ھەڵوەشاندنەوەی ڤیزە بە تەنها تایبەت بە بابەتێكی دیاری كراو و یاد و بۆنەكان نییە، بەڵكو بۆ ھەمیشە و گشتگیرە.
راشیگەیاندووە، ئێران بۆ لابردنی ڤیزا ھەنگاوی پێویستی گرتووەتەبەر و چاوەڕێی ڕەزامەندیی و وەڵامدانەوەی عێراق دەكەین بۆ ئەم مەبەستە.
باڵیۆزی ئێران لە بەغدا ئاماژەی بەوەش كرد لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق گفتوگۆیان كردووە بۆ لابردنی ڤیزا و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكی ھاوبەش پێكهێنراوە.
پێشتر، مەهدی شوشتەری، سەركونسوڵی ئێران لە شاری سلێمانی رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەكەی لە كۆبونەوەی رۆژی چوارشەممە 9 ی حوزەیرانی 2021 بڕیاریدا بە لابردنی ڤیزای 45 رۆژەی نێوان دوو وڵات، بەو مەرجەی عێراقیش هەنگاوی لەوشێوەیە بنێت.