له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ و له ‌ماوه‌ی رۆژانی 12و 13 و 16/6/2021 ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ڵه‌بجه‌ و رێكخراوی كورد-مادبۆ گه‌شه‌پێدانی كولتوری و دیموكراسی، له‌ زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌، خولێكی راهێنانیان بۆ 15 خاوه‌ن پڕۆژه‌ی بچووك كرده‌وه‌.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، خولی راهێنانی خاوه‌ن پڕۆژه‌كان به‌مه‌به‌ستی باشتر كردن و گه‌شه‌پێدانی ئابووری هه‌رێمی كوردستانه‌ له ‌ڕێگه‌ی هاندان بۆ مانه‌وه‌وبه‌رگه‌گرتنی پڕۆژه‌ی بچووك ئابووری له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا به‌ ئامانجی كه‌مكردنه‌وه‌ی بێكاریی.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ژیر بورهان فه‌ره‌ج، راهێنه‌ر له‌ خوولی راهێنان و به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ڵه‌بجه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ئه‌م پڕۆژگرامه له‌ سێ به‌شی سه‌ره‌كی پێكدێت كه‌، ده‌توانرێت‌ بخرێته‌ خزمه‌تی لاوانی كوردستان جێبه‌جێبكرێت بۆ چه‌ند ئاستێك، له‌وانه‌: به‌شی (GYB) بۆ ئه‌و گه‌نج و لاوانه‌ی كه‌ خاوه‌نی هیچ بیرۆكه‌یه‌كی كار و پرۆژه‌ نین تا بتوانن بیرۆكه‌ دابمه‌زرێنین و ببنه‌ خاوه‌ن پرۆژه‌ی خۆیان، هه‌روه‌ها به‌شی (SYB) كه‌ بۆ كه‌سانێكه‌ كه‌ خاوه‌ن بیرۆكه‌ن، به‌ڵام هێشتا ده‌ستیان پێنه‌كردووه‌ و ناتوانن بڕیار بده‌ن و به‌شی سێیه‌میش بریتییه‌ له‌ (IYB)  بۆ كه‌سانی خاوه‌ن پڕۆژه‌یه‌ به ‌مه‌به‌ستی باشتركردنی پرۆژه‌كه‌یان‌ و هێشتنه‌وه‌ی له‌بازاڕی كاردا.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ خوولی راهێنانه‌كه‌، سامان ساڵح فه‌ره‌ج، راهێنه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوی كورد-ماد بۆ گه‌شه‌پێدانی كولتوری و دیموكراسی،‌ رایگه‌یاند" ئه‌م خولی راهێنانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی رێكخراوی كاری نێوده‌وڵه‌تی (ILO) دایه‌ كه، له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێده‌كرێت و راهێنان به ‌خاوه‌ن پڕۆژه‌ی زۆر بچووك، بچووك و مامناوه‌نده‌كان‌ ده‌كرێت له‌سه‌ر بنه‌مای پڕۆگرامی په‌سه‌ندكراوی زانستی كه‌ به ‌ناوی (ده‌ست به ‌پڕۆژه‌كه‌ت بكه‌ و باشتری بكه ‌- SIYB)یه‌".

هه‌روه‌ها وتیشی: له‌م خوله‌دا ئێمه‌ له‌گه‌ڵ خاوه‌ن پڕۆژه‌كان راهێنانمان كردووه‌ له‌سه‌ر پرۆگرامی: پڕۆژه‌كه‌ت باشتر بكه‌-(IYB) كه‌ تایبه‌ته‌ بۆ كه‌سانێك كه‌ خاوه‌نی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی یان به‌رهه‌مداریی بن و له‌ شوێنێكی دیاریكراو كاربكه‌ن، كه‌ هه‌ندێجار له‌م جۆره‌ كارانه‌دا كچان و ژنان پڕۆژه‌كانیان له‌ ماڵه‌كانیاندایه‌، سه‌باره‌ت به‌ سوودی خوولی راهێنانه‌كه‌ وتی: "ئه‌م خوولی راهێنانه‌ هاوكاری خاوه‌ن پڕۆژه‌كان ده‌بێت له‌ كۆمه‌ڵێك بواردا، به‌پله‌ی یه‌كه‌م؛ پلاندان بۆ كار و هه‌روه‌ها چۆنێتی رزگاربوونی پڕۆژه‌ زۆر بچووك و بچووك و مامناوه‌نده‌كان، له‌ مه‌ترسی و داخستن و زیانكردن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خاوه‌ن پرۆژه‌كان فێری بنه‌ماكانی دانانی تۆماری ژمێریاریی ده‌بن بۆ سه‌رجه‌م پرۆسه‌ ژمێریارییه‌كانی پڕۆژه‌كانیان، تا له‌ كۆتاییدا بگه‌نه‌ قازانج و پڕۆژه‌كانیان به‌رده‌وامبێت، هه‌روه‌ها جگه‌ له‌ خوولی راهێنانی خاوه‌ن پڕۆژه‌كان هه‌ردوولایه‌نی رێكخه‌ری خووله‌كه، ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ڵه‌بجه‌ و رێكخراوی كور-ماد،‌ دانیشتنی راوێژكاریی تاكه‌كه‌سی بۆ هه‌ر به‌شداربوویه‌ك رێكده‌خه‌ن به‌ مه‌بستی پێداچونه‌وه‌ی زانیاری و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی پڕۆژه‌كانی به‌شداربووان.

هه‌روه‌ها وتیشی" ئه‌م پڕۆگرامه‌ له‌ زیاتر له‌ 100 وڵاتی جیهان جێبه‌جێده‌كرێت و رۆڵێكی باش و كاریگه‌ری له‌ گه‌شه‌پێدانی ئابووری وڵاتدا له‌ڕێگه‌ی پڕۆژه‌ بچووكه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌".

خوولی راهێنانی خاوه‌ن پڕۆژه‌كان سێ رۆژی خایاند و له‌ كۆتاییدا بڕوانامه‌ی سه‌ركه‌وتن درایه‌ به‌شداربووان.