ئەندامێكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی دەڵێت، بەهۆی شەڕی ناوخۆوە بەدبەختیمان بەسەردا هاتووە، بۆیە نابێت‌ جارێكی تر، بەهیچ شێوەیەك نزیكی شەڕی ناوخۆ بكەوینەوە‌.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی لە میانی كۆبونەوەی لەگەڵ كۆمەڵێك كەسایەتیدا، لەبارەی مەترسی سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆەوە رایگەیاند، بەرژەوەندی یەكتركوشتن و شەڕی ناوخۆ و ململانێی نێوانمان چ سودێكی هەبووەو هەیە، جگە لەوەی قوربانی شەڕی ناوخۆین ئەو هەموو بەد بەختییەمان بەسەردا هاتووە خاوەن ئەزمونیشین.
ناوبراو جەختیكردەوە کە نابێت جارێكی تر، بەهیچ شێوەیەك نزیكی شەڕی ناوخۆ بكەوینەوە‌و وتی: ئەزمونمان لەگەڵ شەڕی ناخۆ، دەبێ‌ وابكات هەرگیز جارێكی تر، بوێری ئەوەمان هەبێ‌ توخنی شەڕی ناوخۆمان بكەوین.
ئاماژەی بەوەكرد، كە چیتر نابێ‌ گرێی دەست بخەنە دەم ‌و بیكەن بەگرێ‌ كوێرە، چونكە ئەگەری شەڕ، گرێی دەستە و روودانیشی گرێ كوێرەیە.
لەبەشێكی تری قسەکانیدا روونیکردەوە كە هەموولایەك پێویستە جوامێری بنوێنن، لەپێناو بەرگرتن لەهەر دۆخێكی نەخوازراو و رێگەنەدان، بۆ دنەدانی هەر ئاشوبێك، هەر هێزو لایەنێكیش پێویستە سنورەكانی خۆی بزانێت‌و لەچوارچێوەی سنوری خەباتی خۆیدا ئەركەكانی رابپەڕێنێت.