ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد، بەپێی یاسای ژمارە ١١ ساڵی ٢٠١٢ سندوقێک دروستکراوە بەناوی سندوقی کۆمەک بۆ توشبوانی شێرپەنجە .ئەم سندوقە کەسایەتی مەعنەوی و دارایی، کارگێری سەربەخۆی ھەیە، بەستراوەتەوە بە وەزارەتی تەندروستی .
لوقمان وەردی ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی کوردستان بە زایەڵەی ڕاگەیاند، ئەرکی ئەم سندوقە دابین کردنی باشتری خزمەتگوزاری تەندروستیە بۆ چارەسەری توشبوانی شێرپەنجە لە دابین کردنی پێداویستی چارەسەری و دەرمان و ئامێری پزیشکی لە بنکەکانی پسپۆری ، چارەسەرکردن لەناوەوەو دەرەوەی ووڵات .
یەکەم : بەشێک لە سەرچاوەکانی دارایی سندوقی کۆمەک بۆ توشبوانی شێرپەنجە پێکدێت لە:
١- زیادکردنی ٥٪ لەباج و رسوماتی مەشروب و جگەرە بۆ سندوقی شێرپەنجە .
٢- پێدانی ٥٠٪ ی لەو بژاردنانەی بەدەست دێیت لە شتومەک و خۆراکی سەرپێچی کاری تەندروستی .
٣- پێدانی ٢٥٪ ی بژاردنی بەدەستھاتوو بەپێی یاسای چاودێری تەندروستی .
٤- پێدانی ٥٪ ی رەسمی تۆماری ھەموو جۆرە ئۆتۆمبێل و نوێکردنەوەی ساڵانە .
٥- تەرخانکردنی ٥٪ ی بژاردنی سەرپێجی ھاتوو چۆ.
٦- پیتک و کۆمەک بەخشین لە ناوەوەو دەرەوەی ووڵات کە پێشکەشی سندوق دەکرێن
٧- بوجەی تەرخانکراوی ساڵانە لەلایەن حکومەت .
وتیشی، دووەم : 7 حەوت ملیار دیناری کۆمەکی شێرپەنجە لە دھۆک نەگەراوەتەوە بۆ سندوق، سەرجەمی ئەم پارانەی کۆمەکی سندوقی شێرپەنجە دەچێتە سەر رەسیدی بانقەکانی کوردستان ، باخان ، فیدراڵ ، زاگرۆس ، بەڵام حرکەی پارە لە
١- لە ھەولێر لە بانقی فیدڕاڵ .
٢ - لە سلێمانی لە بانقی باخان .
٣- بەڵام لە دهۆک تائێستا ھیچ بانقێک نییە بۆ حرکەی پارەی سندوقی توشبوانی شێرپەنجە .
ڕونیشیکردەوە، لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ساڵی ٢٠٢١ داھاتی کۆمەکی شێرپەنجە تەنھا لە بەرێوەبەرایەتی ھاتوچۆی دھۆک ٧ حەوت ملیار دینار بووە، نەگەراوەتەوە بۆ سندوقی کۆمەکی توشبوانی شێرپەنجە ، بۆیە وەزارەتی تەندروستی بە نوسراوی ژمارە ٢٧٠ لە ١١-١-٢٠٢١ داوای ئەو ٧ حەوت ملیار دینارەی پارێزگای دھۆک دەکات لە رێگەی ئەنجومەنی وەزیران بۆی بگەرێتەوە،
سێیەم : زیاتر لەساڵێکە وەزیری تەندروستی بەنایاسایی خۆی کردوە بەسەرۆکی سندوقی شێرپەنجە .
باسی لەوەشکرد، ھەر بەپێی ئەم یاسایە ئەنجومەنی بەرێوەبردنی سندوق پێک دێت لە :
١-بەرێوەبەری سەنتەرەکانی چارەسەری شێرپەنجە لە پارێزگاکانی ھەرێم .
٢- نوێنەری وەزارەتی دارایی .
٣-نوێنەری وەزارەتی تەندروستی .
٤-شارەزاو راوێژکارێک لەوانەی پسپۆرن لە ناوەوەو دەرەوەی وەزارەتی تەندروستی.
٥-سەرۆکی سندوق لە نێوان ئەندامانی ئەنجومەن ھەڵدەبژێردرێت.
دوای ئەوەی سەرۆکی پێشووی سندوقی شێرپەنجە بوو بە وەزیری پلاندانان، ماوەی زیاتر لە سالێکە وەزیری تەندروستی بە نایاسایی خۆی خۆی کردوە بەسەرۆکی سندوق ، ئەمەش پێچەوانەی برگەی پێنجە لە ماددەی شەشەمی یاسای ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٢ یاسای سندوقی کۆمەک بۆ توشبوانی شێرپەنجە لە ھەرێمی کوردستان ، بەپێی ماددەی شەش ئەرکی وەزیر بەدواداچوونی ئاستی پابەند بوونی سندوق بە حوکمەکانی یاسا لە ئەستۆدەگرێیت نەک خۆی ببێتە سەرۆکی سندوق
چوارەم : لە نەخۆشخانەی ھیوا کێشەی دەرمان بۆ چی دروست بوو.
ئەوە شی خستەڕوو، بەپێی بەدواداچوونی ئێمە تا ئێستا لەسەر ئاستی ھەرێم نەخۆشخانەی ھیوا باشترین خزمەتگوزاری چارەسەری شێرپەنجە پێشکەش بەھاوڵاتیان دەکات ، نەک ھەر بۆ شاری سلێمانی بەڵکو بۆ بەشێک لە ھاوڵاتیانی پارێزگاکانی تری ھەرێم و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیداتەی ھەرێم و تەنانەت لە ناوەراست و خوارووی عێراقیش ژمارەیەک ھاوڵاتی بۆ چارەسەر روو لە ھیوا دەکەن ، بەمەش لۆدێکی زۆر لەسەر نەخۆشخانەکە دروست بووە.
هێمای بەوەشکرد، لە ساڵی رابردوو زیاتر لە ٢٥ بیست و پێنج ملیار دینار پارەی گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی کڕینی دەرمانی شێرپەنجە لە بانقی باخانی سلێمانی بەکاش سەرف کراوە ، بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی و ھەولێر و دھۆک .
کەچی لە بانقی فیدراڵی ھەولێر تەنھا ٢٪ ی پارەی گرێبەستی بۆ کۆمپانیاکان سەرف دەکرا لە مانگێکدا، ئەمەش وایکردوە کۆمپانیاکان بە ئاسانی گرێبەست لەگەل وەزارەتی تەندروستی نەکەن بۆ ھێنانی دەرمانی شێرپەنجە و لەلایەکی تر گەر بشیکەن بۆ ھەر ئایتمێک بە نرخی چەند قات گرانتر دابین بکەن .
دوای ئەوەی خواست و داواکاری زۆری کۆمپانیاکانی گرێبەستی دەرمان بۆ چەکی بانقی باخان دروست بوو ، بریاردرا بانقی باخانی سلێمانی تەنھا پارەی کرینی دەرمانی شێرپەنجە بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی سەرف بکات ، کەچی بەداخەوە بەبریارێکی حکومەت رێگری کرا چیتر پارەی کاش بۆ کۆمپانیاکانی ھێنانی دەرمانی شێرپەنجە بۆ نەخۆشخانەی ھیوا سەرف بکرێت بەڵکو ھاوشێوەی ھەولێر بریاری پێدانی تەنھا ٢٪ ی ھەقی کۆمپانیاکان بەسەر بانقی سلێمانیش سەپێنرا لەو حاڵەتەش کۆمپانیاکان ھێنانی دەرمانیان راگرتوە، بۆیە ئەزمەی دەرمان دروست بووە .
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە لە ئێستادا ئەم سێ ھەنگاوە بەپەلە بنرێیت:
١- پێویستە حکومەت دەست بەجێ بریاری تەنھا ٢٪ی پارەی مانگانە بۆ کۆمپانیاکانی دابینکردنی دەرمان ھەڵوەشێنیتەوە ، دەستەلاتی سەرف کردنی پارەی کاش لە سندوقی شێرپەنجە بۆ ھیوای سلێمانی و نانەکەلی ھەولێرو ئازادی لەدھۆک بگەرێنێتەوە.
٢- ھەوەھا پارەی سیستەمی لەبڕی نۆرینگە (بدل عیادات ) وەک خۆی بەبێ کەمکردنەوە بۆ نەخۆشخانەکانی چارەسەری شێرپەنجە مانگانە سەرف بکرێت.
٣- نابێیت چیتر وەزیری تەندروستی بەنایاسایی سەرۆکی سندوقی کۆمەک بۆ توشبوانی شێرپەنجەبێیت ، دەبێیت سندوق سەرۆکێکی بۆدیاری بکرێیت و ئەنجومەنی سندوق رێک بخرێتەوە .
کامەران کەریم
June 19, 2021