سەنتەری میترۆ داوا دەكات سەرۆكی هەرێمی کوردستان لێبوردنی تایبەت بۆ سزادراوانی بادینان دەربكات.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، سەنتەری میترۆ لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: بڕیاری جێبەجێكردنی سزای چالاكوان و رۆژنامەنووسەكانی بادینان پێچەوانەی ویست و داخوازی زۆرێك لە رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و چاودێرانی پرۆسەی دیموكراسی لە كوردستان بوو، داواش دەكات سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتەكانی بەكاربهێنێت بە دەركردنی بڕیاری لێبوردنی گشتی بۆیان.
دەقی بەیاننامەكە:
چاوەڕوانی ئەوە بووین، دادگای پێداچوونەوە ئاوڕێك لەو هەموو داخوازی و ناڕەزایەتییەی رێكخراوەكانی ناوخۆ، دەرەوە و خێزانی حوكمدراوەكان بدەنەوە، بڕیارەكەیان لە بەرژەوەندی فراوانكردنی ئازادی رادەربڕین بشكێتەوە.
بەڵام بە داخەوە بڕیارەكە پێچەوانەی ویست و داخوازی ئێمە بوو وەك سەنتەری میترۆو زۆرێك لە رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و چاودێرانی پرۆسەی دیموكراسی لە كوردستان.
وەك پێشتریش داخوازییەكمان خستبوویە بەردەم سەرۆكی هەرێمی كوردستان، گەر بڕیاری كۆتایی دادگای پێداچوونەوە هەمان بریاری دادگای تاوانەكانی هەولێر بێت، ئەوە دەسەڵاتەكانی خۆی بەكار بهێنێت و لێبوردنی تایبەتیان بۆ دەربكات.
بۆیە دوبارە داوا لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین، داخوازی ئێمە و ئەو رێكخراوانە و خێزانی حوكمدراوان، فەرامۆش نەكات و لێبوردنیان بۆ دەربكات چونكە لە رووی یاساییەوە قۆناغێكی راستكردنەوەی بریاری دادگا نەماوە، تەنها دەركردنی بریاری لێبوردنی تایبەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیارەكە هەڵدەوەشێتەوە.
June 27, 2021