ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپان یای سۆمۆ ئامادەن هەموو دۆسیەی نەوتی هەرێم وەربگرن و جەختیش دەكاتەوە ئەگەر هەرێم ئامادە نییە ئەوا پێشنیازی دووەمیان هەیە كە ڕادەستكردنی داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە وەربگرێت بەو نرخەی سۆمۆ دەیفرۆشێت.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند ڕۆژانە لیژنە فەرعیەكانی لیژنەی دارایی لەگەڵ وەزارەت و دەستە و دامەزراوەكان كۆدەبنەوە و ئەمڕۆ چوارشەممە لەبەرگرنگی بابەتەكە هەموو لیژنەكە لەگەڵ وەزیری نەوت و بەرپرسی كۆمپانیای سۆمۆ و كادرە پێشكەوتووەكانی وەزارەت كۆبووینەوە بابەتی نەوتی هەرێم یەكێك بوو لە تەوەرە گرنگەكانی كۆبوونەوەكە تیایدا چەند پێشنیازێك گەڵاڵەكراون لەوانە حكومەتی عێراق ئامادەیە هەموو دۆسیەی نەوت وەربگرێت بە تێچوونەكانیەوە.
ڕونیكردەوە ئەگەر هەرێمی كوردستان ئامادەنییە ئەوا بەغدا ڕەزامەندە داهاتی 250 هەزار بەرمیل وەربگرێت بەو نرخەی سۆمۆ دەیفرۆشێت.
ئاماژە بەوەكرد ڕەنگە بوترێت خاڵی دووەم زۆر ئاسانە بۆ هەرێم، بەڵام چەند گرفتێكی تێدایە كە ئەگەر هەرێم بەرمیلێك نەوت بدات بە (٥٠)دۆلار ئەوا ٥٥٪ دەڕوات بۆ تێچووی و قازانجی كۆمپانیاكان واتە هەرێم لەو بڕە تەنها بیست و دوو دۆلارو نیوی بۆ دەمێنێتەوە و بیست و حەوت دۆلار بۆ كۆمپانیاكان دەڕوات.
وتیشی یەكێكی دیكە لە گرفتەكان بەدڵنیاییەوە نەوتی هەرێم كەمتر لە نەوتی عێراق دەفرۆشرێت بە (۱۱) دۆلار واتە هەرێم دەبێت ئەو (۱۱) دۆلارەش قەرەبوو بكاتەوە جگە لەپشكی كۆمپانیاكان بۆیە ئەم خاڵە جێبەجێكردنی زۆر قورسە.
ئاشكرایكرد هەرێمی كوردستان لە بەرمیلێك ئەگەر بیست و دوو دۆلارو نیوی دەستبكەوێت ئەوا دەبێت خۆی بیست و حەوت دۆلاری بخاتە سەر بەئیزافەی ئەو (۱۱) دۆلاری كە بەكەمتر فرۆشتوویەتی.
کۆتایی/.