ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان پرسیار دەخاتە سەر دژبەیەکییەکان لە ئامار و داتای ڕاگەیێندراو لە ژمارەی فەرمانبەران و بودجەی پێویست بۆ مووچەکانیان و ئەو ناڕوونیانەی لەم بابەتەدا هەیە.
عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 کە لە نێو هۆڵی پەرلەمانەوە دەنگ و متمانەدرا بە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەپێی ئەو داتایەی کە لە کۆتایی هەمان ساڵدا لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە نێردرابوو بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان ژمارەی فەرمانبەر و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نزیک ببوەوە لە یەک ملیۆن و 500 هەزار، یاخود دەقیقتر بیڵێین ژمارەکە بریتی بوو لە یەک ملیۆن و480 هەزار و مانگانەش بۆ پێدانی موچەی تەواوەتی ئەو ژمارە موچەخۆر و فەرمانبەرە حکومەت پێویستی بە 830 ملیارد دیناربوو .لە ساڵی 2014 یشەوە بەبیانوی قەیرانی دارایی و بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە پڕۆسەی دامەزراندن تائێستاشی لەگەڵدا بێت بەفەرمی وەستێنراوە .
ناوبراو وتیشی: لەساڵی 2017دا دوای ئەنجامدانی پڕۆسەی سیستمی بایۆمەتری بۆ فەرمانبەران و موچەخۆران، ژمارەی فەرمانبەر و موچەخۆران ڕێژەکەی دابەزی و کەمیکرد بۆ یەک ملیۆن و249 هەزار فەرمانبەر و موچەخۆر، واتا ژمارەی موچەخۆر بەنزیکەیی 200 هەزار کەمی کرد .
زیاتر وتی: بەپێی دوایین لێدوانی بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی هەرێمیش لەساڵی 2014 بۆ 2021 ژمارەی ئەوفەرمانبەرانەی خانەنشین بوون 40 هەزار فەرمانبەربوون، واتا ساڵانە 5 هەزارفەرمانبەر لە هەرێمدا بەهۆی هەڵکشانی تەمەنیان خانەنشین دەبن، بە داتای وەزارەتی پلاندانانیش لە ماوەی پێنج ساڵدا زیاتر لە 4 هەزار فەرمانبەر بە تەواوی کۆتایی بە ڕاژەی کارکردنیان هێناوە لەکەرتی گشتیدا، کە بە دڵنیاییەوە ڕێژەکە زۆر لەوە زیاترە و هەزاران فەرمانبەریش هەرێمی کوردستانیان جێهێشتوە و بە هەر دەردیسەرییەک بێت ڕوویان لەهەندەران کردوە .
باسی لەوەشکرد، وەزارەتی دارایی وئابوریش بە فەرمانی وەزاری ژمارە ( 1) لە ( 4-1-2021 ) دا موچەوخانەنشینی ( 10609) دە هەزار و شەش سەد و نۆ کەسی ڕاگرت کە لە سیستمی بایۆمەتری دووجار یان زیاتر ناویان هاتوە. وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش لەسەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2020 ڕایگەیاند کە بە هۆی سیستمی بایۆمەتری حکومەت موچەی زیاتر لە 16 هەزارموچەخۆری ڕاگرتوە. مەتەڵە بێ وەڵامەکە لێرەدایە، باشە بۆچی کە ژمارەی موچەخۆر و فەرمانبەران نزیکەی یەک ملیۆن ونیو بوو، حکومەت بۆ موچەی مانگانە بێ لێبڕین و پاشەکەوت پێویستی بە 830 ملیارد دیناربوو؟
ئەی لەکوێی دنیا هەیەو هەبوە لە ئێستادا بۆ پێدانی موچەی مانگانە بەبێ لێبڕین بە یەک ملیۆن و 251هەزارو 451 موچەخۆر پێویستت بە 895 ملیارد دینارهەبێت؟ ئێ ئەمە جگەلە مەتەڵێکی نەزانراو چ ناوێکی تری لێدەنرێت کە دەیان هەزار ژمارەی موچەخۆرت کەمی کردبێت بە بایۆمەتری، کۆتایی هاتنی ڕاژەیان و جێهێشتنی وڵات و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیشت چەندساڵێکە ڕاگرتبێت کەچی مانگانە ڕێژەی ئەو پارەیەی پێویستە بۆ موچەخۆر و فەرمانبەران 65 ملیارد دینار زیاد بکات .
ئەوپەرلەمانتارەی خولی پێشوو ئەوەشی خستەڕوو، ئەمە ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرمان بۆ دەسەلمێنێت، کەه ەموو ئەو داتاو ژمارانەی کە ڕۆژانە دەوترێن و بەرگوێمان دەکەوێت هەر لە ژمارەی موچەخۆر و فەرمانبەر تا دەگاتە بڕی خەرجی و داهات و ڕێژەی بێکاری و هەژاری و هتد هیچیان ژمارەی ڕاستەقینە نین، بەڵکو بەشێوەی گریمانەیی دەوترێن کەئەمەش گومانی زۆرو نیشانەی پرسیاری گەورە لە زیهنی هەمواندا دروست دەکات. تەنانەت لە ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستاندا بەپێی داتا و ئامارەکانی دامەزراوە تایبەتمەندەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند جیاوازییەکی ئاسمان وڕێسمانی هەیە کە زیاترە لە (720) هەزارکەس .
بۆیە ئەمەجگە لەوەی مەتەڵێکی قورسە، ناشزانرێت وەڵامەکەی لەکوێیە و لای کێیە؟ و بێ وەڵام ماوەتەوە.
سازدانی - کامەران کەریم