هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند؛ رۆژی چوارشەمە ٣٠ ی حوزەیران پێشوازیمان له‌ نەسروڵڵا زارع رەشنوودی كونسوڵی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌هه‌رێمی كوردستان كرد.
هەورامی لە ڕاگەیێندراوێکدا سەبارەت بەم دیدارە نووسی: له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوا پێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ئێستاى هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌و پرسی نوسینه‌وه‌ى ده‌ستوورى هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و عێراق و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ى عێراق و هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسییه‌كانی داعش و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆمارى ئیسلامیی ئێران گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا.
لە درێژەدا هاتووە: پیرۆزباییمان له‌كونسوڵی گشتیی كۆمارى ئیسلامیی ئێران كرد به‌بۆنه‌ی ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار لە ئێران و له‌ڕێگه‌ی ئه‌ویشه‌وه‌ پیرۆزبایى خۆى و په‌رله‌مانى كوردستانی ئاراسته‌ی ئیبراهیم ڕه‌ئیسی سه‌رۆككۆماری نوێی ئێران كرد به‌بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنی له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، هه‌روه‌ها پوخته‌یه‌كمان سه‌باره‌ت به‌دۆخی سیاسی و دارایی و پرسی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان و هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مانی كوردستانى بۆ نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوور خسته‌ڕوو و جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی پاراستنی مافی سه‌رجه‌م پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان له‌ده‌ستووردا كرده‌وه‌، هاوكات شێوازو میكانیزمی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوورو وه‌رگرتنی بیروبۆچوونی فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مانمان له‌سه‌ر ده‌ستوور خسته‌ڕوو.
ئاماژە بەوەش کراوە: هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسمان له‌په‌یوه‌ندیی له‌مێژینه‌ی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆمارى ئیسلامیی ئێران كرد و جه‌ختمان له‌سه‌ر پێویستیی پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا، به‌تایبه‌ت په‌یوه‌ندیی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی شوراى كۆمارى ئیسلامیی ئێران كرده‌وه‌.
لای خۆیه‌وه‌ كونسوڵی گشتیی كۆمارى ئیسلامیی ئێران، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشخاڵیى خۆی به‌سه‌ردانی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ولاته‌كه‌ى و هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ هه‌وڵه‌كانی خۆی بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و له‌نێوان ئه‌نجوومه‌نی شوراى ولاته‌كه‌ى و په‌رله‌مانی كوردستان ده‌خاته‌گه‌ڕو داوایكرد شاندێكی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی ئه‌نجوومه‌نی شورای كۆمارى ئیسلامیی ئێران بكه‌ن بۆ ئالوگۆڕكردنی زانیارى له‌ڕووى كاروبارى په‌رله‌مانییه‌وه‌ .