ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە پاش 30 ساڵ حكومڕانی، مافە سەرەتاییەكانی ژیانی هاوڵاتیان كە خۆی دەبینێتەوە لە دابینكردنی ئاو و كارەباو خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكان دابین نەكراوە و دەشڵێت،”دەسەڵاتداران نەوەی ئێستاو داهاتوویان بیرچۆتەوە، ستەمكاران لەمێژودا ئاسەواریان نامێنێت”.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەمیانەی مەراسیمی كردنەوەی لقی نوێی عەربەتی حزبەكەی كە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 5-7-2021 بەڕێوەچوو ڕایگەیاندووە، لەپاش 30 ساڵ حكومڕانی، مافە سەرەتاییەكانی ژیانی هاووڵاتیان كە خۆی دەبینێتەوە لە دابینكردنی ئاو و كارەباو خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكان دابین نەكراوە و لەگەڵ بەلێنی كابینە یەك لە دوای یەكەكانی حكومەت، بەڵام قەیرانەكان بێ چارەسەر ماونەتەوە.

ڕاشیگەیاندووە، كە دەسەڵاتداران دووچاری گەندەڵی بوون و گەل و میللەت و نەوەكانی ئێستاو داهاتوویان بیرچۆتەوە، بەڵام ستەمكاری بەردەوام نابیت و ئەوانەی خۆیان بەستەمكاری زەمانە دەزانن ڕۆژێك لەمێژودا هیچ ئاسەوارێكیان نامێنێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە میللەت شایستەی ژیانێكی باشترەو گەنجەكان ستەمی زۆریان لێدەكرێت، بەڵام دەبێت ئێمە بەپلانی وورد ڕوبەڕووی ستەمكاری بوەستین و ڕێگری بكەین لە پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان بە كۆڵنەدان و بەردەوامی كۆششەكان دەرەنجامەكان بەرەوباشتر دەڕۆن.