وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە،  ئەمریکا بە قەرزی درێژخایەن پرۆژە لە کەرتی کارەبای ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 6ی تەمموز،  لیزا بۆدۆنڵی بەرپرسی دیسکی ئابووری لە كونسوڵخانەی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریكا لە هەولێر بە مەبەستی پێدانی قەرزی درێژخایەن بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژە لە كەرتی كارەبا لە هەرێمی كوردستان سەردانی وەزارەتی کارەبای کردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی كارەبای هەرێم، وەزیری کارەبا رایگەیاندووە كەرتی كارەبای هەرێم پرۆژە ستراتیژییەکانی کارەبا لەسێ بواردا پێویستی بەپڕۆژەی وەبەرهێنانە ئەوانیش پڕۆژەكانی: “دامەزراندنی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە سوتەمەنی گازی بەفیڕۆچووی کێلگە نەوتییەکان و پرۆژەی سکادا بۆ کۆنترۆڵکردنی کارەبا و راکێشانی هێل و دامەزراندنی وێستگەی 400KV و راكێشانی بۆری گازی سروشتی بۆ وێستگەی کواشی لە دهۆک.
لەراگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە،، گفتوگۆی ورد كراوە  لەسەر چۆنییەتی پێدانی قەرز و جێبەجێكردنی پرۆژەكانی كارەبا لەهەرێمی كوردستان.