بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە ئاشکرایکرد، ماوەی دوو هەفتەیە توش بوون لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە زیادی کردووە .
د. ئازاد مستەفا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە بە زایەڵەی ڕاگەیاند، نزیکەی دوو ھەفتەیە ئامارەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەداخەوە لە پارێزگای ھەڵەبجە زیادی کردوە، زیادبوونی ژمارەی نەخۆش و ژمارەی ئەو کەسانەی کە نەخۆشیەکەیان بە توندی گرتوە ئەمەش بە ھۆی پابەندنەبوونی ھاوڵاتیان بە ڕێنماییە تەندروستیەکان و دابەزینی ئاستی پابەند بوونی ھاوڵاتیان بە ڕێنماییەکان بۆ ئاستێکی زۆر کەم .
وتیشی، لێرەوە داوا لە ھاوڵاتیان و ھاوشاریان و ھاونیشتیمانیانی خۆشەویست دەکەین بۆ ئەوەی توشی حالەتی ناخۆش و ناسۆر نەبن و مەرگی ئازیزانیان بە چاوی خۆیان نەبینن پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەکان بن .
ڕونیشیکردەوە، بەداخەوە لە ئێستادا ١٣ نەخۆش لە نەخۆشخانەی وەفا لە ژێر چاودێری تەندروستین و زۆرینەیان پێویستیان بە ئۆکسجین ھەیەو ٣ نەخۆشیان لە چاودێری چرن و ١٠ نەخۆشی دیکە لە قاوشەکانی کۆرۆنان .
ئەوەشی خستەڕوو، بۆیە داوا لە ھاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین بە پابەند بوون بە ڕێنماییە تەندروستیەکان و بەکارھێنانی پێکوتەی کۆرۆنا و ھەوڵبدەن بۆ سنوردار کردنی بڵاو بونەوەی ئەم نەخۆشییە.
کامەران کەریم