لەسەر ئاڵوگۆڕەكان لەپۆستە هەواڵگریی و ئەمنیەكانی یەكێتیدا، یەكەم سەركردایەتی ئهو حزبه بێدەنگی شكاندو ڕایگەیاند؛ "پەیڕەو دەبێت جێبەجێبکرێت و مەکتەبی سیاسی ئاڵوگۆڕی بەسەردابێت".
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی:"بێگومان دەستاودەستکردنی دەسەڵات، یەکێکە لەبنەماکانی دیموکراسیەت و بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگه، بەشێوەیەکی گشتی ھەموو پلەو پۆستێک پێویستە دوای ساڵانێکی کەم ئاڵوگۆڕی بەسەردابێت، مانەوەی زۆر لەپۆستێک دەبێتە ھۆی چەقبەستنو مانەوەی لەدۆخی خۆییو پێشنەکەوتنی".
لەبارەی ئاڵوگۆڕەكانەوە دەڵێت:"یەکێتی دەستی بەئاڵوگۆڕی ھەندێک پۆست کردوە کە مایەی دەستخۆشیە، ھەرچەندە سەرنج لەسەر شێوازی ئەو ئاڵوگۆڕە ھەیە، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە کە ئەم ئاڵوگۆڕانە لەھەموو سێکتەرەکان بەردەوامبێت، چ لەسێکتەری حکومیو چ لەئۆرگانەکانی حزبیش".
سەركردایەتیهكهى یەكێتی دەشڵێت:"بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزب دەبێت دوای شەش مانگ ڕاپۆرتی ھەڵسەنگاندنی مەکتەب و مەڵبەندەکان لە کۆبونەوەی سەرکردایەتی بخوێندرێتەوەو ئەوانەی لەئاست خواستی حزبدا نەبون ئاڵوگۆڕیان بەسەربێت".
ڕونیشیدەكاتەوە، "کاتێتی کە پەیڕە و جێبەجێبکرێت و مەکتەبی سیاسی و مەڵبەندەکان ئاڵوگۆڕیان بەسەردابێت، ناکرێت چی تر ئەم بەندەی پەیڕەو پێشێلبکرێت بەھۆی کۆرۆنا یاخود ھەڵبژادنەوە یا ھەر ھۆکارێکی تر".