ئەمینداری یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، "حكومەتی هەرێم قەیران بەقەیران چارەسەر دەكات".

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، سەڵاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری یەكگرتوو لە مەڵبەندی حزبەكەی لە كەركوك وتەیەکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، "دەبێت بەرپرسانی حكومەتی هەرێم دەركی ئەم ئاڵۆزیانە بكەن‌ و چیتر گەلی خۆیان فەرامۆشنەكەن‌ و لە بەردەم موچە و بژێوی هاوڵاتیاندا بێباكانە مامەڵە نەكەن".

بەوتە سەڵاحەدین بەهادین، "كەركوك شارێكی بێنازە و حزبە دەسەڵاتدارەكان نەیانتوانی ئیدارەیەكی باشی بكەن، ئەوەی لەئێستاو ماوەكانی ڕابردودا دەگوزەرێت‌و گوزەرا ئەنجامی ئیدارەی فاشلی حوكمڕانیە".

جەختی لەوەشکردەوە، "كەركوك‌و كەركوكییەكان بەهەموو پێكهاتەكانیەوە شایستەی خزمەتی زیاترن‌و دەبێ كەركوك شاری بەیەكەوەژیان‌و تەبایی‌و برایەتی بێت".