ئاراز شێخ جهنگى، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەناو هەموو ماڵێکدا کێشەی لێکتێنەگەیشتن لەنێوان دوو برادا دروست دەبێت و پێویست ناکات "كهس نانو پیازى پێوه بخوات"، چونکە هەردووکیان جارێکی دیکە بەڵێنیان دوبارە کردەوە کە بەبێ دوو دڵی لەسەر ڕێگای "خزمەتی حزبەکەیانو ڕێبازی سەرۆک مام جەلال" بەردەوام بن.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ئاراز شێخ جهنگى لەبارەی کۆبوونەوەی شەوی رابردووی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی لەپەیامێکدا کە لەپەیجی تایبەتی خۆی لەفەیسبوک بڵاویکردوەتەوە باسی لەوەکردوە، "کەس نانو پیازی پێوە نەخوات، لەهەموو ماڵێک کێشەی لێکتێنەگەیشتن ئەبێت لەنێوان دوو برا کە هەموو تەمەنی گەنجایەتی خۆیان تەرخانکرد بۆ خزمەتی حزبەکەیانو ڕێبازی سەرۆک مام جەلال".
ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەمڕۆش بەهەمانشێوە بۆ خزمەتی ئەم ڕێبازە پیرۆزە جارێکی تر بەڵێنیان دوبارە کردەوە کە بەبێ دوو دڵی لەسەر ئەم ڕێگا پیرۆزە بەردەوامبن".
شەوی رابردوو بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بۆ دووەمجار کۆبوونەوە و لەبارەی گرژییەکانی چەند رۆژی رابردوو گفتوگۆیانکرد، لایەنگران و پەیجەکانی نزیک لە یەکێتی کۆبونەوەکەیان بەئیجابی وەسف کرد و دڵخۆشی خۆیان دەربڕی.
بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی لەدوای دروستبوونی ئەو گرژییەی بەهۆی چەند گۆڕانکارییەک لە چەند پۆستێکی ئەمنی سلێمانیدا لەنێوانیاندا روویدا، شەوی رابردوو دووەم کۆبوونەوەیان ئەنجامدا و کادیر و لایەنگران و پەیجەکانی یەکێتیش کۆبونەوەکەیان بەئیجابی وەسف کرد.
هەروەها چەند سەرچاوەیەک بەمیدیاکانیان راگەیاندوە، لەکۆبونەوەکەی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگیدا کە ماوەی سێ کاتژمێری خایاندوەو گفتوگۆیەکی چڕ لە سەر ئەو کێشەو گۆڕانکاریانەى کە لەم چەند رۆژەدا روویدا لەنێوانیاندا کراوە، هەردوولا لەسەر بەردەوامبوون لەسەر چاکسازی ڕێککەوتوون.
بەگوێرەی زانیارییەکان لەکۆبوونەوەکەدا هەردوولایەنی کێشەکە، سوربوون لەسەر بەشێک لە هەڵوێستەکانی خۆیان، بەتایبەتی هەڵوێستیان لەسەر گۆڕانکارییەکان لەپۆستە ئەمنییەکان.
لهئێوارهى ڕۆژى پێنجشهممهى ڕابردوهوه، بههۆى ئهو ئاڵوگۆڕانهى لهپۆستهكانى سهرۆكى دهزگاى زانیارىو دژه تیرۆر ئهنجامدران لهلایهن بافڵ تاڵهبانى، گرژیی كهوته نێوانیان لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی، سهربارى چهندین ههوڵى ناوخۆیی سهركرده دیارهكانى یهكێتیش، بهڵام نهتوانرا نێوانى ههردوولا ئاسایی بكهنهوه.